2 کاتژمێر پێش ئێستا
94 جار خوێنراوەتەوە
جەنگ پێ دەنێتە ڕۆژی ٣٢هەمینەوە و گەشبینی لە دانووستانەکاندا نیە
لە ٣٢هەمین ڕۆژی جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا دژ بە ئێران، سوپای ئیسرائیل کوژرانی ٤ سەربازی لە لوبنان ڕاگەیاند، هاوکات سوپاى ئیسرائیلیش بۆردومانکردنی چەندین پێگەى لە ناوچە جیاوازەکانى ئێران ڕاگەیاند.
لە نوێترین پێشهاتی مەیدانیدا، سوپای ئیسرائیل بە فەرمی ڕایگەیاند کە ٤ سەربازیان کوژراون، کە یەکێکیان ئەفسەرە، جگە لە برینداربوونی ٣ سەربازی دیکە لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکانی باشووری لوبنان. بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵی ١٢ی ئیسرائیلی، ئەم سەربازانە لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ چەکدارانی حزبوڵڵا کوژراون.
هاوکات لە بەرەی تاران و ناوخۆی ئیسرائیلیشەوە، دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران بیستران. هاوکات تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران ئاشکرای کرد کە ڕێژنەیەکی نوێی موشەکییان ئاڕاستەی ئیسرائیل کردووە. ئەمەش وایکرد بەرگری شارستانی ئیسرائیل زەنگی مەترسی لە قودس و ناوچەکانی ناوەڕاست لێ بدات.
لەسەر ئاستی دیپلۆماسی، تۆڕی "سی ئێن ئێن" لە زاری بەرپرسانی ئەمریکی و کەنداوەوە بڵاویکردەوە، کە جۆرێک لە تەمومژاوی لە نێوان واشنتن و تاراندا هەیە؛ چونکە ئەمریکییەکان دڵنیا نین ئەو کەسایەتییانەی ئێران کە لە ڕێگەی تورکیا و پاکستانەوە پەیامەکانیان پێدەگات، دەسەڵاتی کۆتایی واژۆکردن یان جێبەجێکردنی هیچ ڕێککەوتنێکی ئاشتییان هەبێت. لە بەرامبەریشدا، بەرپرسانی ئێران متمانەیان بە واشنتن نەماوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە