4 رۆژ پێش ئێستا
282 جار خوێنراوەتەوە
لە 35هەمین ڕۆژی جەنگدا تەلئەبیب و تاران بۆردومان كرانەوە
پەیام
لە 35هەمین ڕۆژی جەنگدا هێرشە دوولایەنەكان ئەمڕۆیش بەردەوامی هەبوو، هەریەك لە تەلئەبیب و تارانیش بۆردومان كرانەوە.
ئەمڕۆ سوپای پاسدارانی ئێران لە چوارچێوەی "شەپۆلی 91"ی هێرشەكانیدا، ڕایگەیاند، كە چەندین ناوچەی ستراتیژیی لەنێو خاكی ئیسرائیل كردە ئامانج، لەنێویاندا ناوچەی دیمۆنا و بنكە سەربازییەكانی تەلئەبیب و ئیلات.
میدیاكانی ئیسرائیلیش ئاماژە بەوە دەكەن، كە ئێران لە دوایین هێرشیدا موشەكی "هێشوویی" بەكارهێناوە و زەنگی ئاگاداركردنەوە لە زۆربەی ناوچەكانی ناوەڕاستی ئیسرائیل لێدراوە و هەواڵی برینداربوونی لانیكەمی كەسێكیشیان تا ئێستا پشتڕاست كردووەتەوە.
لە لایەكی دیكەوە، سوپای پاسداران ڕایگەیاند، كە كۆمپانیای "ئۆراكڵ"ی ئەمریكییان لە دوبەی كردووەتە ئامانج وەك تۆڵەی هەوڵی تیرۆركردنی بەرپرسێكی ئێرانی، بەڵام حكومەتی دوبەی بە فەرمی ئەو هەواڵەی ڕەتكردەوە و بە "هەڵبەستراو" وەسفی كرد.
لای خۆیەوە حزبوڵای لوبنانی ئەمڕۆ گورزەیەكی مووشەكی ئاڕاستەی قەوارەی زایۆنی كرد و ڕایگەیاند، كە گردبوونەوەی سەربازانی زایۆنی لە چەند ناچوەیكی قەوارەكە بە ئامانج گرتووە و دڵنیایی دا لەوەی، كە ڕاستەوخۆ مووشەکەكان بەر ئامانجەكان كەوتوون.
هاوكات لەگەڵ ئەم هێرشانە، تا ئەم ساتە فڕۆكە جەنگییەكان لە ئاسمانی پایتەختی ئێران دەفڕن و چالاككردنی بەرگرییە ئاسمانییەكان لە ڕۆژهەڵاتی شارەكە ڕاگەیەنراوە و دەنگی تەقینەوەیش لە تاران و چەند ناوچەیەكی دیكە بیسترا. و مانگی سووری ئێرانیش بڵاوی كردەوە كە بەهۆی بەئامانجگرتی كۆگاكانییەوە لە بوشەهر لە ڕێگەی درۆنەوە، دوو كۆنتێنەر شمەك و دوو ئەمبولانس و دوو پاسی سەر بە ڕێكخراوەكەیان تێكشكێنراون.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە