2 کاتژمێر پێش ئێستا
166 جار خوێنراوەتەوە
زاواکەى ترەمپ و نێردە تایبەتەکەى ئەركی دانوستانەكان لە پاكستان دەگرنە ئەستۆ
پەیام
دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند جارید كۆشنەر و ستێڤ ویتكۆف ئەركی دانوستانەكان لە پاكستان دەگرنە ئەستۆ و كشانەوەی جەی دی ڤانس لە گەشتەكە بەهۆی مەترسیی ئەمنییەوە ڕاگەیاند.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا ئاشكرای كرد كە جارید كۆشنەری زاوای و ستێڤ ویتكۆفی نێردەی تایبەتی، ڕۆژی سێشەممە بۆ تەواوكردنی گفتوگۆكانی كۆتاییهێنان بە جەنگ لەگەڵ ئێران لە پاكستان دەبن، بەڵام ترەمپ بە تۆڕی ئەی بی سی ڕاگەیاندووە: جەی دی ڤانسی جێگری بە هۆی مەترسیی ئەمنییەوە لە لایەن دەزگای پاراستنی كەسایەتییەكانەوە ڕێگری لێ كراوە و گەشتەكەی هەڵوەشاوەتەوە.
لە لایەكی دیكەوە میدیاكانی پاكستان ئاشكرایان كرد "ئەمڕۆ پێشوەختە دوو فڕۆكەی ئەمریكی گەیشتوونەتە ئیسلامئاباد و تیمی ئەمنی و تەكنیكییان گواستووەتەوە تاوەكو زەمینە بۆ گەڕی دووەمی دانوستانەكان خۆش بكەن".
هاوكات لەگەڵ ئەم ئامادەكارییانە، وەزارەتی دەرەوەی پاكستان جەختی لەسەر بەردەوامیی دیالۆگ لەگەڵ ئێران كردەوە و بڕیارە هەر ئەمڕۆ پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە نێوان شەهباز شەریف، سەرۆكوەزیرانی پاكستان و مەسعوود پزیشكیان سەرۆككۆماری ئێران ئەنجام بدرێت، لەو لاشەوە نێوەندگیرەكان گەورەترین فشار دەكەن تا ڕێگری لە دووبارە هەڵگیرسانەوەی جەنگ بكەن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە