2 کاتژمێر پێش ئێستا
41 جار خوێنراوەتەوە
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە: جیهان ڕووبەڕووی گەورەترین قەیرانی وزە بووەتەوە
پەیام
بەڕێوەبەری جێبەجێكاری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، ڕایگەیاند، لە ئەنجامی ئاڵۆزییە سەربازییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پچڕانی زنجیرەی دابینكردنی نەوت و گاز، جیهان ڕووبەڕووی گەورەترین قەیرانی وزە لە مێژووی نوێدا بووەتەوە، بەوەش مەترسیی جددی لەسەر ئاسایشی ئابووری جیهان دروست بووە.
فاتح بیرۆڵ، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە ڕونی كردەوە، كاریگەرییەكانی ئەم قەیرانە زۆر توندترن لە قەیرانەكانی ساڵانی 1973 و 1979 و تەنانەت 2022-یش.
جەختیشی كردەوە، گەرووی هورمز خاڵێكی یەكجار هەستیارە لە سیستەمی وزەی جیهانیدا و هەر جۆرە پەككەوتنێك لە جوڵەی كەشتیوانیدا لەو ناوچەیە، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی كتوپڕ و بێ وێنەی نرخەكانی نەوت لە بازاڕە جیهانییەكاندا.
لە كۆتاییدا ئاماژەی بەوە كرد، ژێرخانی وزەی ناوچەكە لەژێر هەڕەشەیەكی گەورەدایە و دەیان دامەزراوەی گرنگ زیانیان بەركەوتووە.
ئەم دۆخە ئەگەری درێژەكێشانی قەیرانەكە و خراپتربوونی لێكەوتە ئابوورییەكانی زیاتر دەكات، كە پێویستی بە هەنگاوی جیدی و خێرا هەیە بۆ پاراستنی هاوسەنگی بازاڕەكان و كەمكردنەوەی مەترسییەكان.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە