2 کاتژمێر پێش ئێستا
38 جار خوێنراوەتەوە
رۆژنامەیەکی ئیسرائیلی: تاران ئامادەیی نیشانداوە بۆ ڕادەستکردنی یۆرانیۆمى پیتێنراو
پەیام
بەپێی ڕۆژنامەی "ئیسرائیل هەیۆم، تاران بەر لە دەستپێکردنی گفتوگۆکانی لەگەڵ واشنتن لە پاکستان، ڕەزامەندیی نیشانداوە لەسەر ڕادەستکردنی یۆرانیۆمی پیتێنراو و نەرمی نواندن لە پرسی گرووپە چەکدارەکان و کردنەوەى گەرووی هورمز، هەر ئەو دەستپێشخەرییانەى ئێران وای لە دۆناڵد ترەمپ کردووە گەشبین بێت بە گەیشتن بە ڕێکەوتن لەگەڵ تاراندا.
بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی" ئیسرائیل هەیۆم" کە لە سێ سەرچاوی دیپلۆماسیی ئەمریکی و ناوچەییەوە وەریگرتووە، ئێران ڕەزامەندیی دەربڕیوە تەواوی ئەو یۆرانیۆمە پیتێنراوەی لەبەردەستیدایە ڕادەستی بکات. هەرچەندە هێشتا لایەنی وەرگر دیار نییە، بەڵام بژاردەکان بریتین لە ڕووسیا، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، یان خودی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
لە لایەکی دیکەوە، ناکۆکی لەسەر وردەکاریی پرۆسەکە بەردەوامە؛ واشنتن داوای بەشداریی ڕاستەوخۆ دەکات لە دیاریکردنی شوێنی کۆگاکردنی یۆرانیۆمەکە، بەڵام تاران تەنیا ڕەزامەندیی نیشانداوە کە فەرمانبەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ئەو کارە بکەن.
ئەم بەرەوپێشچوونانە لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات، سەرچاوەی ئەو گەشبینییەن کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەم هەفتانەی دواییدا نیشانی داوە، هەرچەندە هێشتا کۆمەڵێک کێشەی جەوهەری و بنەڕەتی لە نێوان هەردوولادا بێ چارەسەر ماونەتەوە، کە بریتین لە پشتیوانیکردنى گرووپە چەکدارە میلیشیاکانى ناوچەکەو پرسى گەرووی هورمز کە تاران لەوانەشدا نەرمی نواندووە بەڵام وردەکارییەکەى روون نەبوەتەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە