1 کاتژمێر پێش ئێستا
174 جار خوێنراوەتەوە
سەرۆكوەزیرانی ڕاسپێردراو لەگەڵ كۆمەڵ و ڕەوتی هەڵوێست-یش كۆبووەوە
پەیام
سەرۆكوەزیرانی ڕاسپێردراوی فیدڕاڵ سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و ژمارەیەك دیداری تایبەت بە پێكهێنانی كابینەكەی ئەنجام دا و لە سلێمانیش لەگەڵ لایەنەكانی كۆمەڵ و ڕەوتی هەڵوێست كۆ بووەوە.
لە میانی سەردانەكەی بۆ هەرێمی كوردستان كە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بە یاوەری شاندێكی چوارچێوەی هەماهەنگی ئەنجامی دا، عەلی فالح زەیدی سەرۆكوەزیرانی ڕاسپێردراوی فیدڕاڵ لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی ماوەبەسەرچوو و سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی پارتی كۆ بووەوە.
دوابەدوای كۆتایی كۆبوونەوەكانی لە شاری هەولێر گەیشتە شاری سلێمانی و لەگەڵ سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، هەروەها سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، هەروەها لایەنەكانی كۆمەڵ، ڕەوتی هەڵوێست و یەكگرتووی ئیسلامی كۆ بووەوە.
بە پێی زانیارییەكان، لایەنەكانی كۆمەڵ و ڕەوتی هەڵوێست یاداشتێكی 20 خاڵیان ڕادەستی سەرۆكوەزیرانی ڕاسپێردراو كرد.
بە پێی ڕاگەیەنراوی نووسینگەی ڕاگەیاندنی نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی ڕاسپێردراو، پرسی سەرەكی سەرجەم كۆبوونەوەكان باسكردن بووە لە هەوڵی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت و گرنگیی پێكهێنانی حكوومەتێكی بەهێز كە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵەنگارییەكان و تێپەڕاندنی قەیرانەكانی هەبێت.
ئەم سەردانەی سەرۆكوەزیرانی ڕاسپێردراوی فیدڕاڵ بۆ هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی هەنگاوەكانیەتی بۆ پێكهێنانی كابینەكەی كە بە پێی دەستوور تەنیا 30 ڕۆژی بۆ ئەو ئەركە لە بەردەمدایە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە