1 کاتژمێر پێش ئێستا
148 جار خوێنراوەتەوە
"چیتر نابێت و ناڕەوایە داواكارییەكانی شێروان شێروانی پشتگوێ بخرێت"
پەیام
عومەر گوڵپی كاندیدی سهركهوتووی كۆمهڵی دادگهری بۆ پهرلهمانی كوردستان بڵاویكردەوە، لەكەیسی رۆژنامەنووسی زیندانیكراو شێروان شێروانی و دەستگیركراوانی تری بادیناندا لەكاتی خۆی هەموو راستییەكانیان بۆ رای گشتی ئاشكرا كردووە، بەڵام ئێستا ئەو گەنجە ئازادیخوازە كە لە زیندان مانی لە خواردن گرتووە، دوو داوای زۆر سادەی هەیە، كە هاوتایە لەگەڵ یاساو مافی هەر حكومدراوێك.
ئاماژەشی بەوەكردووە، شێروان شێروانی داوای گواستنەوە بۆ چاكسازی سلێمانی و هەروەها داوای مافی سەردانیكردنی ماڵ و منداڵەكەی لەچوارچێوەی یاسادا دەكات، بۆیە لە پێناو ماف و ژیان و ئازادیدا ئەركی هەموو ئازادیخوازێكە پشتیوانی بكات و چیتر نابێت و ناڕەوایە دەزگا فەرمییەكان داواكانی پشتگوێ بخەن.
شێروان شێروانی ماوەی 11 ڕۆژە لەناو زیندان بەردەوامە لە مانگرتن و لەئێستادا بە وتەى برایەکى بارى تەندروستی شێروان زۆر خراپە و کێشی زۆر دابەزیوە.
رۆژنامەنووس شێروان شێروانی یەکێکە لە دەستگیرکراوانی کەیسی زیندایانی بادینان و لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠وە بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی" دەستگیرکراوە، لە شوباتی ٢٠٢١ لە لایەن دادگای تاوانەکانی هەولێرەوە سزای ٦ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا، لە تەمموزی ٢٠٢٣ جارێکی دیکە بە تۆمەتی "ساختەکاری و دەستکاریکردنی پەراوی فەرمی" سزای ٤ ساڵی دیکەی بۆ زیادکرا، کەیسەکەی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی کاردانەوەی بەدوادا هاتووە و بە "کەیسێکی سیاسی و دەسترێژیکردنە سەر ئازادی رادەربڕین" پێناسە دەکرێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە