1 کاتژمێر پێش ئێستا
88 جار خوێنراوەتەوە
ئیسرائیل نیگەرانە لە ڕێکەوتنی ئەمریکا و ئێران
سەرچاوە ڕەسمییەکانی ئیسرائیل بڵاویان کردوەتەوە کە بەرپرسانى قەوارەکە نیگەرانیی قووڵی خۆیان لەو ڕێککەوتنە دەربڕیوە کە بڕیارە لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا واژۆ بکرێت و ڕایانگەیاند کە ئەم هەنگاوە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ لە ئاسایشی نەتەوەیی ئەوان دەکات.
کەناڵی ١٢ی ئیسرائیلی لە زاری چەند بەرپرسێکی باڵای وڵاتەکەیەوە بڵاوی کردووەتەوە، لایەنی ئەمریکی مەرجە سەرەکییەکانی ئێرانی قبووڵ کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی لاوازبوونی هەڕەشە سەربازییە ڕاستەقینەکان بۆ سەر تاران؛ بەو پێیەی هیچ کام لەو ئامانجە بنەڕەتییانەی کە تەلئەبیب دیاریی کردبوون، لەم ڕێککەوتنەدا بە شێوازێکی ڕاستەوخۆ چارەسەر نەکراون.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو بەرپرسانە، ڕێککەوتنە نوێیەکە پابەندبوونی وا بەسەر ئێراندا ناسەپێنێت کە دەستبەرداری پشتگیریکردنی هێزە وەلائییەکانی لە ناوچەکەدا ببێت، بەڵکو دەرفەتی پێدەدات پێوەندییەکانی لەگەڵ حزبوڵڵادا سەرلەنوێ ڕێک بخاتەوە؛ هاوکات پڕۆسەی چاوخشاندنەوە بە تواناکانی چەکی ئەتۆمیی ئەو وڵاتە بۆ قۆناغەکانی داهاتوو دواخراوە.
لە بەشێکی تری لێدوانەکانیاندا، ئەو سەرچاوانە هۆشدارییان داوە کە ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی خێراکردنەوەی کردنەوەی گەرووی هورمز و بووژانەوەی ئابووریی ڕژێمی ئێران، ئەمەش بە وتەی ئەوان وەک گورزێک وایە لەو ناڕەزایەتییانەی کە لە ناوخۆی ئێراندا دژی دەسەڵات هەن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە