2 کاتژمێر پێش ئێستا
121 جار خوێنراوەتەوە
بەهۆی كەمبوونەوەی هەناردەى نەوت عێراق ڕووبەڕووی قەیرانێكی دارایی سەخت بووەتەوە
پەیام
وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند كە بەهۆی قەیرانی سەختی دارایی و كەمبوونەوەی هەناردە، داوای زیادكردنی پشكی بەرهەمهێنانی لە ئۆپیك دەكات، بە پێچەوانەوە بەغداد ناچار دەبێت پێداچوونەوە بە هەموو بژاردەكاندا بكات، لەنێویاندا ئەگەری كشانەوە لە ڕێكخراوەكە.
بەرپرسێكی باڵا لە وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشكرای كرد كە وڵاتەكەی ڕووبەڕووی قەیرانێكی دارایی زۆر سەخت بووەتەوە، ئەمەش بەهۆی دابەزینی بەرچاوی ئاستی هەناردەكردنی نەوت لە ئەنجامی لێكەوتە خراپەكانی جەنگی ئەم دواییەی نێوان عێراق و ئێران.
ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری ئەو بەرپرسەوە بڵاویكردەوە، كە پرسی زیادكردنی پشكی عێراق لەناو ڕێكخراوی ئۆپیكدا دەبێت بە جیددییەكی زۆرەوە تاوتوێ بكرێت بۆ تێپەڕاندنی ئەم بارودۆخە ئابوورییە.
هاوكات چەند سەرچاوەیەكی ئاگادار ئاشكرایان كردووە، كە هەرچەندە بەرپرسانی بەغداد لە ئێستادا بیر لە بژاردەی كشانەوە لە ئۆپیك دەكەنەوە، بەڵام ئاراستەی ئێستا جەخت لەسەر مانەوە لەناو ڕێكخراوەكە دەكاتەوە، بە مەرجێك پشكێكی گەورەتری بەرهەمهێنان بەدەستبهێنن كە لەگەڵ توانا ڕاستەقینەكانی عێراقدا بگونجێت.
جێگەی ئاماژەیە، عێراق بە شێوەیەكی سەرەكی و بە ڕێژەی 90لەسەد پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت بۆ دابینكردنی بودجەی گشتی وڵات، هەر بۆیە هەر كەمبوونەوەیەك لە ئاستی بەرهەمهێنان یان هەناردەكردندا، ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی دروستبوونی فشارێكی گەورەی ئابووری و دارایی لەسەر حكومەت.
ئەمەش لەكاتێكدایە كەمێك لەمەوبەر وەزارەتی نەوتی عێراق لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوە كردووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە