1 کاتژمێر پێش ئێستا
91 جار خوێنراوەتەوە
قاڵیباف: ناوچەكە پێویستی بە سیستمێكی ئەمنیی نوێیە
پەیام
سەرۆكی ئەنجومەنی شورای ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند، كە دۆخی دوای جەنگ پێویستی بە هەڵسەنگاندنێكی نوێی ئەمنی هەیە لەسەر بنەمای توانای وڵاتانی ناوچەكە و دروستكردنی سیستمێكی نوێی هەرێمی دوور لە دەستوەردانی دەرەكی.
محەمەدباقر قاڵیباف، سەرۆكی ئەنجومەنی شورای ئیسلامی ئێران، جەختی كردەوە كە ئەزموونی جەنگی ئەم دواییە پێویست دەكات دەوڵەتانی ئیسلامی سیستمێكی هەرێمیی نوێ دابمەزرێنن كە تەنها پشت بە توانا و سەرچاوە نیشتمانییەكانی خۆیان ببەستێت، بەدەر لە دەستوەردانی دەرەكی.
ناوبراو ئاماژەی بەوە كرد، كە ئەم ئەزموونە تاڵە هێشتا لەبەر چاوی هەمووانە و دەبێت وەك وانەیەكی مێژوویی بەكاربهێنرێت بۆ داڕشتنەوەی ڕێكخستنە ئەمنییەكان بە جۆرێك كە سەروەریی وڵاتان و بەرژەوەندیی گەلان بپارێزێت.
قالیباف ئیسرائیلی وەك "سەرچاوەی هەموو نەهامەتییەكان" لەقەڵەم دا و داوای لە وڵاتانی خۆرئاوای ئاسیا كرد ڕێڕەوێكی نوێ بدۆزنەوە كە لەگەڵ توانا و دابونەریتی گەلەكانیاندا بگونجێت.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی مێهر، تاران دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم ستراتیژە نوێیەوە ڕۆڵی هێزە بیانییەكان لە ناوچەكەدا كەم بكاتەوە و ڕێگری لە هەر هەوڵێك بكات كە ئامانج لێی دروستكردنی ئاڵۆزیی نوێیە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە