1 کاتژمێر پێش ئێستا
92 جار خوێنراوەتەوە
ئەمریکا ڕەوانەکردنی داهاتی نەوت بە دۆلار بۆ عێراق دەستپێکردەوە
ئیدارەی کۆشکی سپی بڕیاری دا ناردنی داهاتی نەوتی عێراق بە دۆلار بۆ بەغدا دەست پێ بکاتەوە.
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی بڵاویکردەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستی بە ڕەوانەکردنەوەی داهاتەکانی نەوتی عێراق بۆ بەغدا کردووە، ئەمەش دوای ئەو هەڵمەتە فراوانەی سەرۆک وەزیران عەلی زەیدی دژی تێوەگلاوانی گەندەڵیی دارایی دەستی پێ کردووە. وتەبێژی حکوومەتی عێراق حەیدەر عەبوودی ڕایگەیاند ناردنی دۆلار بۆ وڵاتەکە دەستی پێ کردووەتەوە و کێشەکە چارەسەر کراوە، هەروەها ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیران مەزهەر محەممەد ساڵح ئەو زانیارییەی پشتڕاست کردووەتەوە. ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا تا ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمییان لەسەر دەستپێکردنەوەی ئەو حەواڵە داراییانە نەداوە.
دەستپێکردنەوەی ناردنی دۆلار هاوکاتە لەگەڵ هەڵمەتەکەی سەرۆک وەزیران عەلی زەیدی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی کە تێیدا دەیان بەرپرسی ئێستا و پێشوو، لەوانە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران، بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیر کراون. ئیدارەی سەرۆک دۆناڵد ترامپ لە مانگی نیسانی ڕابردووەوە ڕەوانەکردنی دۆلاری داهاتی نەوتی بۆ عێراق ڕاگرتبوو و هاوکارییە داراییەکانی بۆ دەزگا ئەمنییەکانیشی هەڵپەساردبوو (باگراوەند). پێشتر واشنتن جەختی کردبووەوە کە پێویستە بەغدا چاکسازی لە ڕێڕەوی دارایی وڵاتەکەدا بکات و ڕێگری لە سپیکردنەوەی پارە بکات تاوەکو متمانەی نێودەوڵەتی بۆ بانکەکانی بگەڕێتەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە