1 کاتژمێر پێش ئێستا
102 جار خوێنراوەتەوە
لافاوهكهی ئیستهنبووڵ زیانی لێكهوتهوه و ئهمڕۆ كراوهته پشوو
بەهۆی بارانی بەخوڕ لافاو لە ئیستەنبووڵ دروستبوو ئاستەنگی هاتووچۆی دروستکرد و زیانی ماددی لێکەوتەوە.
بارانە بەخوڕەکەی کە سەرانسەری ئیستانبوڵی گرتەوە، بووە هۆی دروستبوونی لافاو لە زۆرینەی ناوچەکانی شارەکەدا و ژێرپرد، تونێل و ڕێگاکانی پڕ لە ئاو کرد. کاریگەرییەکانی ئەم شەپۆلە لەسەر ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیان بەڕوونی دەرکەوتن؛ بە جۆرێک ئاو چووە ناو بەشێک لە ماڵ و دووکانەکان و شەقامەکانیش بوونە گۆماو.
هاوکات، ئۆتۆمبێلەکان لە ڕێگە گۆماوییەکاندا گیریان خوارد و ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیان بۆ پاراستنی خۆیان پەنایان بردە بەر وێستگەکانی پاس، میترۆبۆس، میترۆ و تراموای، کە ئەمەش قەرەباڵغییەکی بێوێنەی لە ئامرازەکانی گواستنەوەی گشتیدا لێکەوتەوە.
هەروەها دەزگا فریاگوزارییەکانی تورکیا بڵاویان کردەوە، بە درێژایی شەوی ڕابردوو، هەڵمەتەکانی گەڕان و ڕزگارکردن بە هاوکاریی تیمەکانی ئافاد، ئاکوت، تیمەکانی گەڕان و ڕزگارکردنی ژێر ئاو، ئاگرکوژێنەوە، پاسەوانی کەناراوەکان و شارەوانی بە بەردەوامی بەڕێوە چوون.
لافاوە بەهێزەکە چەندین ئۆتۆمبێلی بۆ سەر شۆستە و بەربەستەکان ڕاماڵی و پاسەکانی گواستنەوەی گشتیی ئیستانبوڵیشی لەناو ئاودا پەک خست. تیمە فریاگوزارییەکان لە شەقامە سەرەکییەکان، کۆڵان و مەیدانی قەزا جیاوازەکاندا بە مەبەستی دەرکردنی ئاو و بەدواداچوونی دۆخەکە لە ئەرکدا بەردەوامن و لەم میانەیەدا، پارێزگاری ئیستانبوڵ بڵاوی کردەوە و ڕایگەیاند ئەمڕۆ لە سەرانسەری شارەکەدا قوتابخانەکان پشوو دەبن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە