2 کاتژمێر پێش ئێستا
93 جار خوێنراوەتەوە
هەواڵگری سووریا تۆمەتباری سەرەکی کۆمەڵکوژی بانیاسی ساڵی ٢٠١٣ دەستگیر کرد
پەیام
دەزگای هەواڵگریی سووریا لە کاتی هەوڵدان بۆ هەڵاتن، عەلی کیالی، ناسراو بە «مێعراج ئۆرال» و تۆمەتباری سەرەکیی کۆمەڵکوژیی بانییاس لە ساڵی ٢٠١٣، دەستگیر کرد.
بەپێی ئەو زانیارییانەی ئاژانسی هەواڵی سووریا (سانا) بڵاوی کردووەتەوە، ئەم هەنگاوە دوای بەدواداچوونی هەواڵگریی ئەنجامدراوە. هەفتەی ڕابردووش، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی سووریا، جەمال تەرابوڵسی، جێگری پێشووی عەلی کیالی لە سەردەمی دەسەڵاتی ڕژێمی بەشار ئەسەدی ڕووخاودا، دەستگیر کردبوو.
ئۆرال ساڵی ١٩٥٦ لە ئەنتاکیای باشووری ڕۆژئاوای تورکیا لەدایک بووە، بەڵام هەمیشە خۆی وەک عەرەبێکی سووری ناساندووە و لە سەردەمی دەسەڵاتی حافز ئەسەد لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا ڕەگەزنامەی سووریای پێدراوە و بە «عەلی کیالی» ناسراوە.
لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕشی سووریا لە ساڵی ٢٠١١، مێعراج ئۆرال سەرکردایەتیی گرووپێکی چەکداریی «شەبیبە»ی کرد کە وەک هێزێکی پشتیوانیکەری سوپای ڕژێم بەشداریی لە جەنگەکاندا کرد.
لە دیارترین تاوانەکان کە دەسەڵاتدارانی ناوخۆ و نێودەوڵەتی دەیخەنە پاڵ ناوبراو، بەشداریکردن بوو لە کۆمەڵکوژیی حوولا لە دەورووبەری حمص لە مانگی ماییسی ٢٠١٢ کە تێیدا ١١١ هاووڵاتیی سڤیل کوژران کە زۆرینەیان ژن و منداڵ بوون، و کۆمەڵکوژیی گەڕەکی بەیدا لە بانییاس لە ٢ی ماییسی ٢٠١٣، کە تیایدا سەدان هاووڵاتیی بێتاوان بە سەربڕین، سووتاندن و گوللەبارانکردن لەناوبران.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە