1 کاتژمێر پێش ئێستا
120 جار خوێنراوەتەوە
پڕۆژەیاسای پڕۆسەی چارەسەریی پرسى كورد ڕەوانەی پەڕلەمانی توركیا دەكرێت
پەیام
هەفتەی داهاتوو پڕۆژەیاسای پڕۆسەی چارەسەریی كێشەی كورد ڕەوانەی پەڕلەمانی توركیا دەكرێت.
لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیی كەناڵی تەڕەتە هەواڵدا، ئاكن گورلەك وەزیری دادی توركیا ڕایگەیاند: چاوەڕوان دەكرێت هەفتەی داهاتوو پڕۆژەیاسایەكی 15 ماددەیی تایبەت بە پڕۆسەی چارەسەریی پرسی كورد لە لیژنەی كاروباری دادی پەرلەمان تاوتوێ بكرێت و دواتریش ئاڕاستەی سەرۆكایەتیی پەڕلەمان بكرێت.
ئەو ڕایشیگەیاند: چاوەڕێ دەكرێت، دوای گەیشتنی بە پەڕلەمان، پڕۆژەكە بخرێتە كارنامە و پێش چوونە پشووی هاوینەوە پەسند بكرێت.
وەزیری دادی توركیا ڕایشیگەیاند: بڕیاری كۆتایی لەسەر نێوەڕۆك و پەسندكردنی پڕۆژەیاساكە لای خودی پەڕلەمانە.
ئاكن گورلەك، ڕایشیگەیاند: پڕۆسەی چارەسەریی پرسی كورد ـ كە لە ناوەندە حكومیی و میدیاییەكانی توركیادا بە توركیای بێ تیرۆر ناو دەبرێت ـ گەیشتووەتە قۆناخێكی گرنگ.
هەر لەو میانەیەدا، وەزیری دادی توركیا ڕەتی كردەوە هیچ لێبووردنێكی گشتی لە ئارادا بێت و ڕایگەیاند: لە ئێستادا هیچ هەمواركردنەوەیەك بۆ لێبووردنی گشتی، یان تایبەت لە بەرنامەی كار و لە ئارادا نییە.
بەپێی قسەی بەرپرسە حكومییەكەی توركیا پڕۆژەیاساكە تەنیا تایبەت دەبێت بە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)؛ وتیشی: پڕۆژەیاساكەش زەمینەیەكی یاسایی بۆ پڕۆسەكە و چارەنووسی پرسی چەكدانان و خۆڕادەستكردنەوەی گەریلاكانی پەكەكە دەستنیشان دەكات.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە