پێش 1 هەفتە 981 جار خوێنراوەتەوە

ڕاپۆرت؛ هێرشه‌كانی ئه‌مریكا و سعودیه‌ بۆسه‌ر عێراق و كاردانه‌وه‌ ناوخۆیی و ناوچه‌ییه‌كان

هێرشێکی هاوبەشی ئەمریکا و سعودیە بۆ سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە عێراق دەیان کوژراوو برینداری لێکەوتەوە، ئەمەش بووە هۆی کاردانەوەی توندی ناوخۆیی و دواخستنی سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ڕیاز. 

بەپێی ئامارە بەراییەکانی حەشدی شەعبی، لە ئەنجامی ئەو زنجیرە هێرشانەی کراونەتە سەر چەندین بارەگایان لە پارێزگا جیاجیاکانی عێراق، ٢٠ چەکدار کوژراون و ٣٢ی دیکەش برینداربوون. سەرچاوەیەک لەو هێزە ئاماژەی پێ کردووە کە کوشندەترین هێرش کراوەتە سەر پێگەکانیان و لە هەشت پارێزگای عێراقدا بە ئامانجگیراون، لە بەرانبەردا، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند بە هاوبەشی لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی سعودیە، گورزی وردیان ئاراستەی ئەو گرووپانە کردووە کە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە ئاراستە دەکرێن، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ ئەو هێرشانەی کراونەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا و ژێرخانی وزەی سعودیە. 

لەکاردانەوەی ئەو هێرشانە ئاسمانیانەدا بۆ سەر پێگەو جبەخانەکانى حەشدی شەعبی، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بڕیاریدا کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجومەنی وەزاریی بۆ ئاسایشی نیشتمانی ڕێکبخات. هاوکات، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانە فەرمییەکەی خۆی بۆ سعودیە دواخست، کە بڕیار بوو ڕۆژی پێنجشەممە ئەنجامی بدات، لەگەڵ ئەوەشدا سەرۆکایەتی عێراق ئیدانەی هێرشەکانی کرد و، باڵیۆزخانەی ئەمریکاش داوای لە هاووڵاتییەکانی کرد سەردانی عێراق نەکەن و ئەوەشی لەو  وڵاتەدان خۆیان بپارێزن. 

لەسەر ئاستی ناوخۆیی، هادی عامری، ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی بەدر، هێرشەکانی بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەریی عێراق ناوبرد و داوای پێداچوونەوەی بە ڕێککەوتنە ئەمنییەکانی نێوان بەغدا و واشنتۆن کرد، هاوکات ڕەخنەی توندی لە هەڵوێستی ڕیاز گرت و رایگەیاند، ریاز هەوڵى تێکدانى ئەو ئاشتی و سەقامگیرییە دەدات کە عێراق پیادەى دەکات. 

لە لایەکی دیکەوە، موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، سەرکۆنەی بۆردومانکردنی خاکی عێراقی لەلایەن هەموو لایەنەکانەوە کرد و هۆشداری بە "میلیشیا لەیاسادەرچووەکان" دا کە بیانوو نەدەنە دەست هیچ لایەنێک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتەکەى، داواشی لە حکومەت کرد سەروەریی عێراق بپارێزێت و ڕێگە لە ململانێی تائیفی بگرێت. 

هاوکات لە ئاستى ناوچەییشدا، هەریەکە لە وڵاتانی کوەیت و قەتەر، ڕاگەیەنراوی فەرمییان بڵاو کردەوە و پشتیوانیی وڵاتەکانیان بۆ عەرەبستانی سعودی دەربڕی و داوایان لە حکومەتى فیدڕاڵى عێراق کرد کە بە جدی کار بکات بۆ بنبڕکردنی هێرشى گرووپە چەکدارە عێراقییەکان بۆ سەر سعودیە، بەڵام لە بەرانبەردا وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئیدانەی هێرشەکانی کرد و رایگەیاند، هێرشی سعودیە و ئەمریکا بۆسەر گرووپە چەکدارەکانی عێراق ئیدانە دەکەین و دەبێتە هۆکارێکی دیکە بۆ ئاڵۆزبوونی زیاتری دۆخی ناوچەکە. 

هێرشە ئاسمانییە هاوبەشەکانى ئەمریکا و سعودییە بۆسەر پێگەکانى حەشدی شەعبی پێشتر هاوشێوەى نەبووە و یەکەمین جارە ئەو دوو وڵاتە بە هاوبەشى پارێزگاکانى عێراق بۆردومان دەکەن، بەڵام پێشتر سعودیە چەندین جار بە فەرمی ناڕەزایەتى لە هێرشى گرووپە چەکدارە عێراقییەکان بۆسەر ژێرخانى وزەى وڵاتەکەی دەربڕیبوو.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

  • 3 کاتژمێر پێش ئێستا

    ئەرشەد ساڵحی داواى هێشتنەوەى هێزە فیدڕاڵییەکان لە كەركووك و دوزخورماتوو دەکات

  • 22 کاتژمێر پێش ئێستا

    دەوڵەتی یاسا: دەبێت سنوورداركردنی چەك عێراق لە ڕووبەڕووبوونەوەی خوێناوی بپارێزێت

  • 22 کاتژمێر پێش ئێستا

    حكومەتى عێراق سوورە لەسەر سنوورداركردنی چەك و بنبڕكردنی شەڕە خێڵەكییەكان

  • 23 کاتژمێر پێش ئێستا

    "سندوقی نهێنییەكانی سوودانی" بە تۆمەتی گەندەڵی 20 تریلیۆن دینار دەستگیر كرا

  • 1 رۆژ پێش ئێستا

    هادی عامری داوا دەكات وەڵامی هێرشەكەی ئەمریكا و سعودیە دوابخرێت

  • 1 رۆژ پێش ئێستا

    دەسەڵاتى بەڕێوەبردنی وەزارەتە بێ وەزیرەكانى عێراق بە بریکارەکانیان دەسپێردرێت

  • 1 رۆژ پێش ئێستا

    عێراق: دواکەوتنى مووچە پەیوەندی بە ڕێكخستنەوەی خەرجییە گشتییەکانەوە هەیە

  • 2 رۆژ پێش ئێستا

    عێراق داوایەکی یاسایی لە کۆمپانیایه‌كی دەرمانیى ئوردنی بردەوە

سەرەتا