2 کاتژمێر پێش ئێستا
132 جار خوێنراوەتەوە
حهشد زانیاری لهسهر هێرشهكانی شهوی ڕابردوو بۆسهر بارهگاكانیان بڵاو كردهوه
پهیام
لەسەر ئەو هێرشانەی کە شەوی ڕابردوو کرایە سەر بارەگاکانیان حەشدی شەعبی ڕایگەیاند، چەند بارەگایەکیان بوونەتە ئامانجی هێرشەکان و، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، تەنها لە پارێزگای نەینەوا لە باکووری عێراق هەشت کەس کوژراون و چوار کەسیش برینداربوون.
هاوکات، سەرچاوە ئەمنییەکان ئاشکرایان کردووە کە هێرشەکان کەمپی "فەتحی موبین" یان لە پارێزگای واست و بارەگایەکی سەرکردایەتیی حەشدیان لە شاری بەسرە کردووەتە ئامانج، کە بەهۆیەوە دوو ئەندامی دیکەی ئەو هێزە برینداربوون. حەشدی شەعبی ئەو هێرشانەی بە هەڵکشانێکی مەترسیدار و پێشێلکردنی سەروەریی عێراق و بەئامانجگرتنی دامەزراوە ئەمنییە فەرمییەکان وەسف کرد.
پێشتر وەزارەتی بەرگریی سعوودیە ڕایگەیاندبوو کە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیان تێکشکاندووە کە هەوڵی بەئامانجگرتنی دامەزراوە نەوتییەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتیان داوە. ڕیاز ئاماژەی پێ کردووە کە ئەو هێرشانە لەلایەن میلیشیاکانی نزیک لە ئێرانەوە لە ناوخۆی خاکی عێراقەوە ئەنجام دراون. لەم چوارچێوەیەدا، وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە داوای لە حکوومەتی بەغدا کرد ڕێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ، و جەختی لە مافی یاسایی خۆی بۆ وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانە کردەوە.
لە بەرانبەردا، بەرپرسێکی سەربازیی ئێرانی بە تەلەڤیزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی ڕاگەیاندووە کە تاران هیچ پەیوەندییەکی بەو هێرشانەوە نییە کە لە وڵاتانی دیکەوە دەکرێنە سەر سعوودیە. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە بەستنەوەی هەر کردەوەیەک دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە بە ئێرانەوە، هەڵەیەکی گەورەیە لە لێکدانەوەکاندا.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە