1 کاتژمێر پێش ئێستا
117 جار خوێنراوەتەوە
سێنتکۆم: لە ٧٢ کاتژمێردا ٣٠ جار هێرشکراوەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا و ژێرخانی وزەی سعودیە
پەیام
ئەمریکا لەبارەی هێرشەکانی ئەمشەو بۆسەر پێگەکانی حەشدی شەعبی لە عێراق رایگەیاند، لە وەڵامی دەیان هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا، هێزەکانییان و هێزەکانی سعوودیە هێرشی ئاسمانیی هاوبەشیان کردە سەر پێگە و کۆگاکانی چەکی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە ڕۆژهەڵاتی عێراق.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، ڕۆژی ٢٨ی تەممووز فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و سعوودیە بە شێوەیەکی ورد پێگە لۆجستییەکان و کۆگاکانی چەکی ئەو گرووپانەیان پێکاوە. ئەم هێرشانە وەک کاردانەوەیەک بوون بەرانبەر بە زیاتر لە ٣٠ هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە لە ماوەی ٧٢ کاتژمێری ڕابردوودا بە ڕێنوێنیی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا و ژێرخانی وزەی سعوودیە ئەنجام دراون.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ئەو هێرشانەی کرابوونە سەر هێزەکانی ئەمریکا شکستیان هێناوە و نەیانتوانیوە ئامانجەکانیان بپێکن. ئەم گرژییانە لە کاتێکدان کە لە نێوان مانگەکانی شوبات و نیسانی ٢٠٢٦، زیاتر لە ٦٠٠ هەوڵی هێرشکردنە سەر هاووڵاتییان و دامەزراوەکانی ئەمریکا لە عێراق لەلایەن ئەو گرووپانەوە تۆمار کراون.
لە کۆتاییدا، واشنتن هۆشداریی توندی داوەتە سوپای پاسداران و بریکارەکانی کە کۆتایی بە هێرشەکانیان بهێنن، ئەگەرنا ڕووبەڕووی وەڵامی سەربازیی قورستری ئەمریکا دەبنەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە