1 کاتژمێر پێش ئێستا
137 جار خوێنراوەتەوە
هێرشەکانى سعودیە و ئەمریکا بۆسەر عێراق؛ ژمارەى کوژراوو بریندار بەرز بوەوە
پەیام
لە ئەنجامی زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی بۆ سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە هەشت پارێزگای عێراق، ٢٠ کەس کوژران و ٣٢ی دیکەش بریندار بوون، حەشدیش هێرشەکان بە پێشێلکردنی سەروەریی خاکی وڵاتەکەی دەزانێت.
شەوی ڕابردوو بارەگا و بنکە سەربازییەکانی دەستەی حەشدی شەعبی لە هەشت پارێزگای جیاوازی عێراق کرانە ئامانج. بەپێی ئامارە نوێکراوەکان، لە هەردوو پارێزگای نەینەوا لە باکوور و واست و بەسرە لە باشووری عێراق، تا دێت ژمارەی قوربانییان ڕوو لە زیادبوون دەکات و تا ئێستا کوژرانی ٢٠ ئەندامی ئەو هێزە و برینداربوونی ٣٢ کەسی دیکە پشتڕاست کراوەتەوە، لە نێویاندا کەمپی "فەتحی موبین" لە واست و بارەگای سەرکردایەتیی حەشد لە بەسرە زیانی گیانی و ماددییان بەرکەوتووە.
دەستەی حەشدی شەعبی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ئەم پەلامارانە پێشێلکردنی ڕاشکاوی سەروەریی خاکی عێراق و بەئامانجگرتنی ڕاستەوخۆی دامەزراوە ئەمنییە فەرمییەکانی دەوڵەتن، هاوکات ئەوەشی بە هەڵکشانێکی مەترسیدار لە ڕەوشی ئەمنیی ناوچەکەدا وەسف کرد.
ئەم ئاڵۆزییانەش دوای ئەوە هات کە وەزارەتی بەرگریی عەرەبستانی سعوودی ڕایگەیاند سیستەمی بەرگریی ئاسمانییان چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیان تێکشکاندووە کە دەستڕێژییان کردووەتە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەیان و بەپێی ئاماژەکانی ڕیاز، هێرشەکان لە ناوخۆی خاکی عێراقەوە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە ئاراستە کرابوون.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە