07/08/2026
457 جار خوێنراوەتەوە
دانەغاز: فرۆشتنی غازی كۆرمۆر بە عێراق پێویستی بە ڕەزامەندیی هەرێم نەبووە
پەیام
لە وەڵامی حكومەتی ماوەبەسەرچوودا، كۆمپانیاكانی دانەغاز و كرێسنت ڕایدەگەیەنن حكومەتی هەرێم لە مانگی یەكەوە ئاگاداری ڕێككەوتنی فرۆشتنی غاز بووە بە بەغدا و، ئەنجامدانی ڕێككەوتنەكەش پێویستی بە ڕەزامەندیی ئەو نەبووە.
هەردوو كۆمپانیای دانەغاز و كرێسنت پترۆلیۆم وەڵامی تۆمەتەكانی حكومەتی هەرێمیان دایەوە و ڕایانگەیاند، حكومەتی هەرێم لە مانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵەوە ئاگاداری ڕێككەوتنی فرۆشتنی غازە بە وەزارەتی كارەبای عێراق و كۆپییەكی ڕێككەوتنەكەشی لایە.
كۆمپانیاكان جەخت دەكەنەوە كە بەپێی مافە یاساییەكانیان و بەبێ پێویستی بە ڕەزامەندی نوێ، ڕۆژانە 100 ملیۆن پێ سێجا غازی زیادەی كێڵگەی كۆرمۆر ڕەوانەی كەركووك دەكەن بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا، ئەم بڕە جیاوازە لەو 655 ملیۆن پێ سێجایەی ڕۆژانە بۆ وێستگەكانی هەرێم دابین دەكرێت.
كۆمپانیاكان ئاماژەیان بەوەش كردووە كە 3 ساڵە حكومەتی هەرێم شایستە داراییەكانیانی نەداوە و "پێشێلی پابەندییەكانی كردووە"، بەڵام ئەوان لە پێناو خزمەتی گشتی بەردەوام بوون لە دابینكردنی غاز بەبێ پچڕان.
ئەم وەڵامدانەوەیە دوای ئەوە هات كە حكومەتی هەرێم كۆمپانیاكانی بە "بڕیاری تاكلایەنە" تۆمەتبار كردبوو و ڕایگەیاندبوو كە لە 4ی ئابەوە پرۆسەی ناردنی غاز بۆ كەركووك بەبێ ڕەزامەندی ئەوان دەستی پێكردووە.
كۆمپانیاكان دووپاتی دەكەنەوە كە وەبەرهێنانی 4 ملیار دۆلارییان لە هەرێم كردووە و بەردەوام دەبن لە كارەكانیان.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە