2 کاتژمێر پێش ئێستا 144 جار خوێنراوەتەوە

ڕاپۆرت؛ سزاكانی ئه‌مریكا چوونه‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌؛ كۆمپانیا فڕۆكه‌وانییه‌كانی ئێران خرانه‌ لیستی ڕه‌شه‌وه‌

په‌یام

ئەمڕۆ چوارشەممە، پاکێجێکی نوێی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر کەرتی فڕۆکەوانیی ئێران چووە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوەش دوای ئەوەی واشنتن بڕیاریدا کارکردنی سەرجەم کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی ئێرانی بلۆک بکات. 
 حکومەتی ئەمریکا لە سەرەتای ئەم مانگەدا کەرتی فڕۆکەوانیی ئێرانی خستە لیستی ڕەشەوە و هەڕەشەی سزادانی هەر لایەنێکی کرد کە مامەڵەیان لەگەڵدا بکات. 
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی "سی ئێن بی سی" ڕایگەیاند کۆمپانیا ئێرانییەکان لە ٢٣ی ئەیلوولەوە لە کارکردن دەوەستن؛ جەختیشی کردەوە کە "ئەگەر ئەم فڕۆکانە بنیشینەوە، هیچ کەسێک ناتوانێت سووتەمەنییان پێبدات، خزمەتگوزاریی نیشتنەوەیان پێشکەش بکات یان بلیتیان بفرۆشێت، بەپێچەوانەوە لە سیستەمی دۆلاری جیهانی بێبەش دەکرێن.
" بەپێی هەواڵی ئاژانسەکانی "تەسنیم" و "ئیسنا" لە زاری دەستەی فڕۆکەوانیی مەدەنیی ئێرانەوە، لە نیوەشەوی ڕابردووەوە فڕۆکەخانەکانی بەغدا و مەسقەت پێشوازی لە فڕۆکەکانی ئێران ناکەن. هەرچەندە حکومەتی عێراق بە فەرمی ڕێکارەکانی خۆی لە چوارچێوەی سزاکانی ئەمریکادا ڕانەگەیاندووە، بەڵام چەند سەرچاوەیەک کە لە نێویاندا بەرپرسێکی باڵای حکومی هەیە، بە ئاژانسی فرانس پرێسیان پشتڕاستکردووەتەوە کە بەغدا پابەندی کۆتوبەندەکانی ئەمریکا دەبێت. لەو چوارچێوەیەدا، جۆرجیا لە ڕۆژی دووشەممەوە سەرجەم گەشتەکانی ئێرانی بۆ وڵاتەکەی قەدەغە کردووە، هەروەها کۆمپانیای "ماهان" لەسەر داوای ئەنقەرە گەشتەکانی بۆ تورکیا ڕاگرتووە. 
لەبەرانبەردا، ئاژانسی تەسنیم ئێوارەی سێشەممە بڵاویکردەوە کە گەشتە نێودەوڵەتییەکانی دیکە، لە نێویاندا گەشتەکانی بەرەو ئیستەنبوڵ، لە کاتی دیاریکراوی خۆیاندا ماونەتەوە و تائێستا ڕووبەڕووی هیچ کێشەیەک نەبوونەتەوە.
 هاوکات وتەبێژی دەستەی فڕۆکەوانیی ئێران ئاماژەی بەوە کردووە کە دانوستان بەردەوامە بۆ گواستنەوەی گەشتەکانی بەغدا بۆ فڕۆکەخانەی نەجەف. پێشتریش لە ڕۆژی سێشەممەدا، کۆمپانیای نیشتمانیی "ئێران ئێر" ڕایگەیاندبوو کە لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە هیچ ئاگادارکردنەوەیەکیان لەبارەی قەدەغەکردنی گەشتەکانەوە پێنەگەیشتووە. 
عێراق وێستگەیەکی سەرەکییە بۆ کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی ئێران کە زۆرجار زیارەتکارانی ئێرانی بۆ مەزاره‌کانی شیعە لە عێراق دەگوازنەوە و بە پێچەوانەشەوە بۆ زیارەتکارانی عێراقی.
 حەیدەر شەمماع، لە یەکێک لە کۆمپانیاکانی گەشتیاری لە نەجەف ئاماژەی بەوە کرد زۆربەی کاری کۆمپانیا گەشتیارییەکانی ئەو شارە بریتییە لە حجزکردنی بلیتی گەشتیاران لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نەجەفەوە بۆ فڕۆکەخانە جیاوازەکانی ئێران. لە ئێستادا بەرپرسانی کۆمپانیا گەشتیارییەکانی عێراق سەرقاڵی تاوتوێکردنی ڕێکخستنی گەشتی وشکانین وەک جێگرەوەیەک، بەتایبەت کە هێڵە ئاسمانییەکانی عێراق لە کۆتایی مانگی شوباتەوە و لەگەڵ دەستپێکی جەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گەشتەکانیان بۆ ئێران ڕاگرتووە. 
لە ئێراندا ٢٧ کۆمپانیای گەشتیاریی ئاسمانی بوونیان هەیە کە زۆربەیان تایبەتمەندن بە گەشتی ناوخۆیی. کۆمپانیای نیشتمانیی "ئێران ئێر" و کۆمپانیای "ماهان" ی تایبەت، دیارترین ئەو کۆمپانیایانەن کە گەشتی نێودەوڵەتی بۆ وڵاتانی دراوسێ و ڕووسیا و چین ئەنجام دەدەن. پێشبینی دەکرێت ئەم کۆتوبەندە نوێیانە دەرفەتی گەشتکردنی ئێرانییەکان بۆ دەرەوە یان گەڕانەوەیان بۆ وڵاتەکەیان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمتر بکاتەوە.
 جێی باسە، ئێران لە کۆتاییەکانی مانگی شوبات و دوای دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەسەری، کایەی ئاسمانیی خۆی بە تەواوی داخست؛ هەرچەندە لەگەڵ کەمبوونەوەی گرژییە سەربازییەکاندا جووڵەی فڕۆکەوانی بەشێوەیەکی ڕێژەیی گەڕایەوە، بەڵام ئێستا تەنها کۆمپانیا ئێرانییەکان گەشتە نێودەوڵەتییەکان دەستەبەر دەکەن.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

  • 2 کاتژمێر پێش ئێستا

    ڕاپۆرت؛ سزاكانی ئه‌مریكا چوونه‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌؛ كۆمپانیا فڕۆكه‌وانییه‌كانی ئێران خرانه‌ لیستی ڕه‌شه‌وه‌

  • 2 رۆژ پێش ئێستا

    سبه‌ی پزیشكیان به‌ره‌و ئه‌مریكا به‌ڕێده‌كه‌وێت

  • 2 رۆژ پێش ئێستا

    هاتووچۆی کەشتییەکان لە هورمز بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە

  • 2 رۆژ پێش ئێستا

    چەندین تەقینەوە لە سەربازگەیەکی سوپای سووریا ڕووی دا و چوار کەس برینداربوون

  • 2 رۆژ پێش ئێستا

    ئێران: ئاماده‌كاریمان بۆ جه‌نگێكی درێژخایه‌ن كردووه‌

  • 3 رۆژ پێش ئێستا

    بەرپرسێكی باڵای ئێران داوای هێوركردنەوەی وتارەكان دەكات

  • 3 رۆژ پێش ئێستا

    قودس.. 100 جولەكەی ئۆردوگانشین هەڵیانكوتایە سەر مزگەوتی ئەقسا

  • 3 رۆژ پێش ئێستا

    کەناری خۆراوا... تەقە کرا و ئیسرائیلییەک کوژرا

سەرەتا