1 کاتژمێر پێش ئێستا
152 جار خوێنراوەتەوە
تۆڕی هاوپەیمانی ١٩ سەرکۆنەی پەلاماردانی خۆپیشاندەرانی پێنجوێن دەکات
تۆڕی هاوپەیمانی ١٩ بە توندی سەرکۆنەی هێرش و هەڵکوتانە سەر خێوەتی خۆپیشاندەرانی قەزای پێنجوێن لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەکات، هاوکات داوا دەکات دەستبەجێ دەستگیرکراوان ئازاد بکرێن و لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر ئەم پێشێلکارییە ڕوونکردنەوە بدەن.
تۆڕی هاوپەیمانی ١٩ کە لەلایەن سەنتەری میترۆوە سەرپەرشتی دەکرێت، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند هێرشکردنە سەر خۆپیشاندانێکی مەدەنی پێچەوانەی سەرجەم یاسا و بنەما نێودەوڵەتییەکانە.
تۆڕەکە جەختی لەوە کردەوە کە دەستووری عێراق، یاسای ڕێکخستنی خۆپیشاندانی هەرێمی کوردستان و جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ بە تەواوی مافی گردبوونەوە و دەربڕینی ناڕەزایەتییان بۆ هاووڵاتییان زامن کردووە، بۆیە داوا دەکات تەواوی ئەو کەسانەی لەو ڕووداوەدا دەستبەسەر کراون دەستبەجێ ئازاد بکرێن و دەسەڵاتدارانیش بەرپرسیار بن لە ڕوونکردنەوەی هۆکاری ئەم مامەڵە توندەی هێزە ئەمنییەکان.
ئەم سەرکۆنەیەی تۆڕی هاوپەیمانی ١٩ دوای ئەوە دێت، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٢٢ی ئەیلوول، هێزێکی ئەمنی لە سێ لاوە گەمارۆی خێوەتی ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی پێنجوێنیان لە شەقامی "ملەکەو" دا، کە سێ ڕۆژ بوو دژ بە نرخی کارەبا گردبوونەوەی ئاشتییانەیان ئەنجام دەدا.
بەپێی وتەی ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکە، ئەو هێزە بە تەقەکردن، زەبروزەنگ و سووتاندنی خێوەتەکان بڵاوەیان بە خەڵکەکە کردووە و نێوان ٤٠ بۆ ٥٠ هاووڵاتییان دەستگیر کردووە، کە لەنێویاندا مێردمنداڵ و فرۆشیاری بێبەش لە خۆپیشاندانەکە هەبوون، تا ئێستاش بەشێک لەو هێزە لە شوێنی ڕووداوەکە جێگیر کراون.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە