1 کاتژمێر پێش ئێستا
122 جار خوێنراوەتەوە
وتەبێژی حکومەتی عێراق: مووچە گرەنتی کراوە و نابێتە ٤٥ رۆژ جارێک
پەیام
وتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند مووچەی فەرمانبەران بەتەواوی دابینکراوە و دەنگۆی دابەشکردنی مووچە لە ٤٥ ڕۆژدا دوورە لە ڕاستییەوە، هاوکات ئاشکرایکرد هەناردەی نەوت بەهۆی داخرانی گەرووی هورمزەوە بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.
حەیدەر عەبوودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی پێ کرد کە هەناردەکردنی نەوت بەشی هەرە گەورەی بودجەی گشتی پێکهێناوە، بەڵام لە دوای داخرانی گەرووی هورمز لە مانگی شوباتی ڕابردووەوە، هەناردەکردنی نەوتی وڵات ڕووی لە دابەزین کردووە و لە مانگی نیساندا تەنها گەیشتووەتە چوار ملیۆن بەرمیل لە مانگێکدا.
عەبوودی باسی لەوەش کرد کە عێراق یەکێکە لە وڵاتە زەرەرمەندەکانی ئەو قەیرانە، بۆ ڕەواندنەوەی زیانە ئابوورییەکانیش حکومەت لەگەڵ تورکیا گەیشتووەتە ڕێککەوتن تاوەکو ئاستی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی خاکی ئەو وڵاتەوە بەرز بکاتەوە.
دەربارەی سیستەمی دابەشکردنی مووچەش، وتەبێژی حکومەت جەختی کردەوە پڕوپاگەندەی دابەشکردنی مووچە لە ٤٥ ڕۆژ جارێکدا دوورە لە ڕاستییەوە و شایستە داراییەکانی فەرمانبەران بەتەواوی پارێزراون. هەروەها ڕوونیکردەوە کە حکومەت پەنای بۆ قەرزی دەرەکی نەبردووە، بەڵام لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی نوێنەراندا پێشنیازی ئەوە کراوە کە قەرز بکرێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە