1 کاتژمێر پێش ئێستا
100 جار خوێنراوەتەوە
عێراق دوو هێڵى دیکە بۆ هەناردەکردنی نەوت دادەمەزرێنێت
پەیام
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاندووە، بە مەبەستی هەمەچەشنکردنی دەروازەکانی هەناردەکردن و گەیاندنی نەوتی خاو بە بازاڕەکانی جیهان؛ پلانی بنیاتنانی سیستەمێکی نوێی بۆری بۆ هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی فیشخابوور و بانیاسەوە دەست پێ دەکات.
نەسیر عەزیز، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دەرهێنان، رایگەیاندووە، تاوتوێی پرۆژەکمان بۆ هەناردەکردنی نەوت کردووە کە دوو ڕێڕەو لەخۆ دەگرێت؛ یەکەمیان لە بەسرەوە بۆ حەدیسە و پاشان فیشخابوور، دووەمیشیان لە حەدیسەوە بۆ بانیاس. راشیگەیاند، ئەم پرۆژەیە ئامانج لێی کەمکردنەوەی پشتبەستنە بە دەروازەی سەرەکیی باشوور و زیادکردنی توانای عێراقە لە پرۆسەی بەبازاڕکردن و گواستنەوەی نەوتدا.
بەرپرسەکەی وەزارەتی نەوت جەختی لە خێرا جێبەجێکردنی پرۆژەکە کردەوە و رایگەیاند، ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە لە ١٧ی تەممووزی ڕابردوودا، عێراق و سووریا یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان بۆ دووبارە کارپێکردنەوەی هێڵی بۆریی کەرکووک - بانیاس واژۆ کرد.
ئەو ڕێککەوتنە کە بە چاودێریی ئەمریکا کرا، هەوڵێکە بۆ دەستپێکردنەوەی گواستنەوەی نەوتی عێراق بۆ کەنارەکانی دەریای ناوەڕاست لە ڕێگەی خاکی سووریاوە، وەک بەشێک لە فراوانکردنی دەروازەکانی هەناردەکردن و بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە