2 کاتژمێر پێش ئێستا
105 جار خوێنراوەتەوە
ڕاپۆرت؛ شارهزایانی ئابووری: دراوی دیجیتاڵی چارهسهرێكی مهترسیداره بۆ دابینكردنی مووچه
لەگەڵ زیادبوونی گوشارە دارایییەکان و کورتهێنانی داهات لە عێراق، شارەزایانی ئابووری هۆشداری دەدەن لە هەوڵەکانی حکومەت بۆ بەکارهێنانی "دیناری دیجیتاڵی" وەک چارەسەرێک بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران لە مانگەکانی داهاتوودا.
حەیدەر شێخ، شارەزای کاروباری ئابووری رایگەیاندووە، بارودۆخی دارایی و ئابووری ئێستای عێراق، کە بەدەست کەمبوونەوەی داهات و سستبوونی گەشەی بازاڕەوە دەناڵێنێت، ژینگەیەکی گونجاو نییە بۆ پەسەندکردنی دراوی دیجیتاڵی وەک ئامرازێک بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی مووچە. ناوبراو ئاشکرای کرد کە قەبارەی قەرزی ناوخۆیی ١٠٥ تریلیۆن دیناری تێپەڕاندووە، ئەمەش وای کردووە هەر جۆرە پەنابردنێک بۆ ئامرازی نەقدی نوێ پێویستی بە لێکۆڵینەوەیەکی زۆر ورد هەبێت پێش ئەوەی بڕیاری لەسەر بدرێت.
ئەم شارەزایە جەختی لەوە کردەوە کە بانکی ناوەندی عێراق درک بەوە دەکات کە پشتبەستن بە دراوی دیجیتاڵی دەبێتە هۆی لاوازکردنی تواناکانی لە کۆنتڕۆڵکردنی وردی قەبارەی نەختینە و پارەی تێپەڕیو لە بازاڕدا. هەروەها هۆشداری دا لە مەترسییەکانی دراوە "کریپتۆکان" و رایگەیاند کە ئەو جۆرە دراوانە سەقامگیری پێویستیان نییە تاوەکو بتوانرێت وەک کۆگایەکی هەمیشەیی بۆ پاراستنی بەهای سامانی وڵات مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.
هەروەها ئەسعەد جبووری شارەزای بانکی و دراوە دیجیتاڵییەکان رایگەیاند، هەر فراوانبوونێکی بێسەروبەر لە بەکارهێنانی دراوی دیجیتاڵیدا، کاریگەری راستەوخۆی لەسەر بەهای دیناری عێراقی بەرانبەر دۆلار و دراوە بیانییەکان دەبێت، بەتایبەت کە بازاڕی ناوخۆیی زۆر هەستیارە بەرانبەر گۆڕانکارییەکانی نرخی ئاڵوگۆڕ.
جبووری پێیوایە گواستنەوە بۆ سیستەمێکی نەقدی دیجیتاڵی پێویستی بە ژێرخانێکی چاودێری، یاسایی و تەکنیکی تۆکمە هەیە تاوەکو رێگری لە قاچاخچێتی و دابینکردنی دارایی بۆ چالاکییە نایاسایییەکان بکرێت. ئەم مشتومڕە لە کاتێکدایە کە عێراق بەهۆی پشتبەستنی زۆر بە داهاتی نەوت، لەبەردەم هەڕەشەی بەردەوامی ناجێگیری داهات و بەرزبوونەوەی ئاستی قەرزە ناوخۆییەکاندایە.
ئەلجبووری دەڵێت، پێویستە جیاوازییەکی تەواو بکرێت لە نێوان دراوی دیجیتاڵی فەرمی و دراوە ناپەیوەستەکان؛ چونکە "دیناری دیجیتاڵی" لە ئەگەری جێبەجێکردنیدا دەبێتە بەشێک لە سیستەمی فەرمی و لەژێر سەرپەرشتی دەسەڵاتی نەقدیدا دەبێت، ئەمەش وا دەکات هەڵسەنگاندنی سوود و مەترسییەکانی بەند بێت بە میکانیزمەکانی بەڕێوەبردن و داڕشتنی پڕۆژەکەوە.
هەناردەکردنی نەوت بەشێکی گەورەی کۆکردنەوەی داهاتی بودجەی عێراق پێکدەهێنێت، بەڵام بەهۆی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا و داخستنی گەرووی هورمزەوە هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ نزمترین ئاست دابەزیوە و مەترسی گەورەی خستوەتە سەر ئەگەری دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق، بۆ دەربازبوون لەو ئاڵنگارییەش پرسی بەکارهێنانی دراوی دیجیتاڵی هێنراوەتە بەر باس کە شارەزایانی ئابووری هۆشدارییان لە بارەوە داوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە