1 کاتژمێر پێش ئێستا
86 جار خوێنراوەتەوە
تەقینەوەی تانكەرێكی سووتەمەنی لە سنە 17 گیانلەدەستدان و برینداری لێ كەوتەوە
پەیام
تەقینەوەی تانكەرێكی سووتەمەنی لە دەروازەی شاری سنە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان بووە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی نزیكەی 20 كەسی دیكە.
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، بەهۆی پێكدادان و تەقینەوەی تانكەرێكی سووتەمەنی لە ڕێگەی شاری سنە-هەمەدان بە ئاڕاستەی مەریوان و لە نزیك بازگەی پۆلیس لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، كارەساتێك ڕووی دا.
بەپێی ئامارە فەرمییەكان، لەم ڕووداوەدا 11 كەس گیانیان لەدەست داوە و شەش كەسی دیكەیش بریندار بوون كە سەرجەمیان بۆ نەخۆشخانەی كەوسەری شاری سنە گواستراونەتەوە.
غەریب سەجادی، فەرمانداری شاری سنە ڕایگەیاند: تانكەرەكە بەهۆی كێشەی تەكنیكی نەمانی برێكەوە تووشی ڕووداو بووە و بەهۆی تەقینەوەی سووتەمەنییەكەیەوە ئاگرەكە بۆ چەندین ئۆتۆمبێلی دیكەی نزیك شوێنی ڕووداوەكە پەڕیوەتەوە.
هەروەها سەرۆكی ڕێكخراوی هاوكاریی شارەوانییەكانی سنە ڕایگەیاند: پێنج كارمەندی گرێبەستی ڕێكخراوەكە لە ڕووداوەكەدا گیانیان لەدەست داوە.
وتیشی ئەم كارمەندانە لە كۆتایی كاتی دەوامدا بە مینی پاسێكی ڕێكخراوەكە دەگەڕانەوە بۆ ماڵەوە، لە نزیك بازگەی پۆلیس كەوتنە بەر كاریگەریی تەقینەوەكە، لە كۆی 11 كارمەندی نێو پاسەكە، پێنجیان دەستبەجێ گیانیان لەدەست داوە و حەوتی دیكەشیان بریندار بوون و ڕەوانەی نەخۆشخانە كراون.
لای خۆیەوە بابەك هودایی، بەڕێوەبەری فریاكەوتنی كوردستان ئاماژەی بەوە كرد "تیمەكانی ئاگركوژێنەوە و فریاكەوتن هەر زوو گەیشتوونەتە شوێنەكە و توانیویانە ئاگرەكە كۆنتڕۆڵ بكەن".
ئەمەو لێكۆڵینەوەی ورد بۆ دیارییكردنی هۆكاری سەرەكی ڕووداوەكە بەردەوامە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە