1 کاتژمێر پێش ئێستا
85 جار خوێنراوەتەوە
ئامادەکاری بۆ گەڕانەوەى هەزاران گەریلا بۆ باكووری كوردستان دەکرێت
پەیام
لەدواى پەسەندکردنى پرۆسەی ئاشتی لە توركیا، لەئێستادا پەكەكە ئامادەكاری دەكات بۆ جێبەجێكردنی یەكەمین هەنگاوی كرداریی چەكدانان لە هەرێمی كوردستان، كە تێیدا هەزاران گەریلا كەمپەكان چۆڵ دەكەن و دەگەڕێنەوە بۆ باكووری كوردستان.
بەپێی زانیارییەكانی ڕۆژنامەی (نەفەس) ی توركی كە بەیانیی ئەمڕۆ هەینی بڵاویكردووەتەوە، پەكەكە سەرەتا لیستی زانیارییەكان لەسەر پێگە و كۆگاكانی چەك ڕادەستی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات، پاشانیش دەزگای هەواڵگریی توركیا (میت) ڕاپۆرتێك ئامادە دەكات بۆ پشتڕاستكردنەوەی ئەو زانیارییانە.
لە بەشێكی دیكەی ڕاپۆرتەكەدا ئاشكرا كراوە كە پێشبینی دەكرێت تاوەكو 1ی تشرینی یەكەم، پەكەكە 72 خاڵی سەربازی و ئەشكەوت لە ناوچەكانی مەتینا، حەفتانین، زاپ، ئاڤاشین و باسیان بەتەواوی چۆڵ بكات.
سەبارەت بە هێزە مرۆییەكان، نزیكەی 3 هەزار و 800 ئەندامی پەكەكە كە لە 18 كەمپدان، چەكەكانیان لە ناوچەكانی وەك ئامێدی، كانی ماسێ، بناری قەندیل، كۆیە، ڕانیە و سەیدسادق ڕادەست دەكەن، پاش ئەوەی توركیاش پرۆسەكە پشتڕاست دەكاتەوە، دەتوانن بە سەلامەتی بگەڕێنەوە خاكی توركیا.
لە بەرانبەردا و بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییە، سەباح نوعمان، وتەبێژی هێزە چەكدارەكانی عێراق ڕایگەیاندووە كە حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنقەرە، میكانیزمێكی هاوبەشیان داڕشتووە بۆ جێگیركردنی هێزە فەرمییەكان لەو بارەگا و ناوچانەی كە پەكەكە چۆڵیان دەكات.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە