1 کاتژمێر پێش ئێستا
90 جار خوێنراوەتەوە
ئاڵۆزییەكان دوای كوژرانی گەنجە كوردەكە بەردەوامە و لە كۆبانێش نۆ زیندانی سووتان
پەیام
ئاڵۆزییەكانی دوای ڕووداوی كوژرانی گەنجە كوردەكە لە پارێزگای حەسەكە بەردەوامە و لە ڕووداوێكی ئاگركەوتنەوەش لە بەندیخانەی كۆبانێ نۆ زیندانی گیانیان لەدەست دا و نزیكەی 20ی دیكەش برینداربوون.
شەوی ڕابردوو دوابەدوای گردبوونەوەیەكی ناڕەزایی لە شاری كۆبانێ لە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای حەڵەب پێكدادان و ئاڵۆزیی ئەمنی دروست بوو، لەو میانەیەشدا بەپێی زانیارییەكان هێرش كرایە سەر هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ و ئاگر لە باڵەخانەی ئاسایشی گشتی لە كۆبانێ بەر درا و هەوڵی ڕێگریی لە هاتنەناوەوەی هێزەكانی ئاسایشی سووریا بۆ شارەكە درا.
ئەم ڕووداوا دوای ئەوە دێن كە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو هاووڵاتییەكی كورد بە ناوی شێخموس حسو ناسراو بە "سیپان قامیشلی" دوای ڕفاندنی لەلایەن گرووپێك لە هۆزی بوحەسەن بە تۆمەتی بەشداریی لە كوشتنی دوو كەسی هۆزەكە لە ساڵی 2024، كوژرا.
پێشتر و لە سەرەتای مانگی ڕابردووش دوای ئەوەی ڕێگری لە چەند خێزانێكی ئاوارەی كورد كرا بۆ شاری سەرێكانی بگەڕێنەوە، چەند ڕووداوێكی ئەمنی لە شاری كۆبانێ ڕوویان دا و گرووپێكی سەر بە پارتی یەكێتیی دیموكراتی (پەیەدە) هێرشیان كردە سەر بارەگاكانی حكوومەت و ئاڵای سووریایان لەسەر باڵەخانەی ئاسایشی نێوخۆ داگرت.
لە لایەكی دیكەوە و لە ئاكامی ئاگركەوتنەوە لە بەندیخانەی سەر بە هێزەكانی ئاسایشی نێوخۆ لە شاری كۆبانێ نۆ زیندانی گیانیان لەدەست داوە و نزیكەی 20ی دیكەیش تووشی تەنگەنەفەسی بوون.
بەپێی زانیاری سەرچاوەكانی هەواڵ و ڕوانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ "ڕووداوەكە بەهۆی ناڕەزایەتی و یاخیبوونی ژمارەیەك لە زیندانییەكان لە ژمارەیەك بڕیاری گواستنەوەی زیندانییان بۆ شاری حەلەب و دۆخی ئاڵۆزیی شارەكەوە بووە".
هەر چەندە ڕوانگەی سووری ڕایدەگەیەنێت: تائێستا هۆكاری ڕووداوی ئاگركەوتنەوەكە و ئاماری كۆتایی قوربانییەكانیش ئاشكرا نییە، ئاماژەش بۆ هێرشكردنە سەر باڵەخانە و كاروانی هێزەكانی ئاسایش لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە دەكات.
لای خۆیەوە ئاژانسی هەواڵی سووریا (سانا) بڵاوی كردەوە ژمارەیەك لە خۆپیشاندەرانی ناڕازیی لە كوژرانی سیپان قامیشلی بەردیان لە هێزەكانی ئاسایش گرتووە و ئاگریان لە ژمارەیەك باڵەخانەی هێزەكانی ئاسایش بەر داوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە