1 کاتژمێر پێش ئێستا
132 جار خوێنراوەتەوە
وەزارەتی نەوتی عێراق: تێکڕای ڕۆژانەی هەناردەی نەوت لەم مانگەدا ٢,٦ ملیۆن بەرمیلە
وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند گەیشتنی هەناردەی نەوت بۆ ٤ ملیۆن بەرمیل تەنیا تۆمارێکی یەک ڕۆژەی مانگی ئەیلوول بووە، نەک تێکڕای ڕۆژانە کە ٢,٦ ملیۆن بەرمیلە.
لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتەکە ڕوونی کردەوە کە تۆمارکردنی ئەم بڕە ئەنجامی هەناردەکردنی نەوتی خاوی گەیارە بووە لە دەرەوەی گەرووی هورمز لەلایەن کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ)، هاوکات لەگەڵ ئەو بڕانەی بۆ فرۆشتن لە بەندەرەکانی باشوور خراونەتە ڕوو، جگە لەو بڕانەی لە ڕێگەی دەروازەی باکوورەوە بەپێی خشتەی بارکردن و تێچووی ئابووریی گونجاو هەناردە کراون.
ئەوەش خراوەتە ڕوو کە تێکڕای هەناردەکردنی نەوتی خاوی عێراق لە مانگی ئەیلوولدا تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕوونکردنەوەیە، نزیکەی ٢,٦ ملیۆن بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا. وەزارەت ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەم ڕێژەیە لەوانەیە بەپێی بەرهەمی ڕاستەقینەی ڕۆژانی داهاتووی مانگەکە گۆڕانکاری بەسەردا بێت.
وەزارەتی نەوتی عێراق ڕوونیشی کردەوە کە بەدەستهێنانی ئەم ئاستانەی هەناردەکردن لە سایەی بارودۆخی ئێستا و بەردەوامیی داخرانی گەرووی هورمزدایە، جەختیشی لەسەر هەوڵە بەردەوامەکانی کردەوە بۆ هەناردەکردنی بەرزترین بڕی ڕێگەپێدراو بە مەبەستی دابینکردنی داهاتی داراییی پێویست بۆ گەنجینەی گشتیی دەوڵەت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە