51 خولەک پێش ئێستا
111 جار خوێنراوەتەوە
زیاترلە 5 هەزار شەڕڤان بە فەرمی چوونە ڕیزەکانی سوپای سووریاوە
پەیام
دوای بەشداریکردنیان لە خولە تایبەتەکانی کۆلێژە سەربازییەکان و تەواوکردنی مەشقە ئەکادیمییەکان، زیاتر لە پێنج هەزار شەڕڤانی سەر بە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە فەرمی تێکەڵی ڕیزەکانی سوپای سووریا کران.
ئەم هێزانە لە ئێستادا لە سێ پێگەی ستراتیجیی گرنگ لە سنووری پارێزگای حەسەکە جێگیر کراون، کە جێگەی سەرنجە دووان لەو پێگانە پێشتر وەک بنکەی سەربازیی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەکاردەهێنران.
چیای کەوکەب کە دەکەوێتە گوندەواری پارێزگای حەسەکە، بووەتە خاڵی دەستپێکی ئەم قۆناغە نوێیەی یەکگرتنەوەی هێزە سەربازییەکان. لەم چوارچێوەیەدا و لە نوێترین پێشهاتدا، شەڕڤانانی سەر بە فەیلەقی دووەم (کە بە لیوای ٣٠ ناسراوە) و ژمارەیان دەگاتە هەزار و ٣٠٠ شەڕڤان، دوای تەواوکردنی ڕاهێنانەکانیان، لەژێر چوارچێوەی سوپای سووریادا ئەرکی نوێیان پێسپێردرا و لە ناوچەی چیای کەوکەب جێگیر کران.
هەروەها لیوایەکی تری سەر بە هەسەدە بە ناوی "لیوای کۆبانێ" لە ئێستادا لە گوندەواری دیمەشقی پایتەخت سەرقاڵی وەرگرتنی مەشق و ڕاهێنانی سەربازین. بە تەواوبوونی ئەم قۆناغەش، کۆی گشتیی ئەو شەڕڤانانەی کە تا ئێستا چوونەتە نێو ڕیزەکانی سوپای سووریاوە گەیشتووەتە ٥ هەزار و ٢٠٠ شەڕڤان، و ئاماژەکان بۆ ئەوەن کە پرۆسەی تێکەڵکردنی یەکینە و بەشەکانی تریش بەردەوام دەبێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە