1 کاتژمێر پێش ئێستا
77 جار خوێنراوەتەوە
مالیزیا.. تەمومژی دووكەڵاوی خواستی لەسەر كڕینی ئامێرەكانی ئۆكسجین زیاد كرد
پەیام
بەهۆی پیسبوونی كەشوهەوا و دووكەڵی ئاگرەكەی ئەندۆنیسیا، خواست لەسەر ئامێرەكانی ئۆكسجین لە مالیزیا بە ڕێژەیەكی بەرچاو بەرز بووەوە.
بەردەوامیی تەمومژی دووكەڵاوی كە بەهۆی ئاگركەوتنەوەی دارستانەكانی ئەندۆنیسیاوە دروست بووە، كوالێتی هەوای لە باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیادا دابەزاندووە و خواستی لەسەر ئامێرەكانی ئۆكسجین لە مالیزیا بەرز كردووەتەوە.
كۆمپانیا تایبەتمەندەكان تۆماریان كردووە كە فرۆشی ئامێرەكانی ئۆكسجین لەنێوان سەرەتای ئەمساڵ تا ئەم مانگەی ئێستا تێیداین بە ڕێژەی 35% زیادی كردووە، ئەمەش كۆمپانیاكانی ناچار كردووە پێشوەختە ئامادەكاری بۆ دابینكردنی پێداویستییەكان بكەن.
بەپێی وتەی پسپۆڕانی چاككردنەوە، بەهۆی چڕیی پیسكەرەكانەوە، فلتەری ئامێرەكان زووتر پیس دەبن، ئەمەش وای كردووە ماوەی چاككردن و نۆژەنكردنەوەیان لە هەزار كاتژمێرەوە بۆ 500 كاتژمێر كەم بكەنەوە.
لە كوالالامپووری پایتەختی مالیزیا، دووكەڵی چڕ سیمبولە بەناوبانگەكانی وەك هەر دوو تاوەری پترۆناس و تاوەری مێردیكا 118ی داپۆشیوە، هاوكات هۆشداریی بەردەوام لەبارەی خراپتربوونی ڕەوشەكە دەدرێت، ئەم دۆخەیش رەخنەی بەرامبەر ئەندۆنیسیا زیادكردووە و داوای هاوكاریی ناوچەیی دەكرێت.
ئاگركەوتنەوەكانی ئەندۆنیسیا لە وەرزی وشكەساڵییدا دووبارە دەبنەوە، بەڵام دیاردەی "ئەلنینۆ" ئاستی پیسبوونی هەوای زیاتر كردووە و لە پاڵ مالیزیایش، سەنگافوورە، فلیپین و تەیمووری ڕۆژهەڵاتیشی گرتووەتەوە، بەهۆیەوە لە هەندێك ناوچەدا دەرگای خوێندنگەكان بە تەواوی داخراون.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە