2 کاتژمێر پێش ئێستا
127 جار خوێنراوەتەوە
عەلی زەیدی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لەسەر هێرشەکەی کۆرمۆر پێکهێنا
هێرشێکی دڕۆنی کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆڕمۆڕ لە پارێزگای سلێمانی و فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقیش فەرمانی بە پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی هاوبەش لەسەر ڕووداوەکە کرد.
بەپێی زانیارییەکان، دڕۆنەکە شوێنی بارکردنی غازی ناو کێڵگەکەی کردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە بەرهەمهێنان و کارکردن لە کێڵگەکە ڕاوەستاوە و بووەتە هۆی کوژانەوەی کارەبا لە بەشێکی هەرێمی کوردستان، زانیارییەکان ئەوە ڕووندەکەنەوە کە هێرشەکە شوێنێکی هەستیاری لە کێڵگەکە کردوەتە ئامانج و بەو هۆیەوە زیانی گەورەی لە کێڵگەکە داوە و بەرهەمهێنانی غازی بۆ کارەبا ڕاگرتووە.
تا ئێستا زانیاریی زیاتر لەسەر شوێنی ئەنجامدانی هێرشەکەوە دیار نیە جگە لەوەی هەندێک سەرچاوەی نافەرمی عێراقی گواستوویانەتەوە کە هێڕشەکە لە سنووری شارۆچکەی خورماتوو ئەنجام دراوە.
عەلی زەیدی، فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق فەرمانی بە پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی هاوبەش لەسەر ڕووداوەکە کرد و داوای کرد لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەماهەنگی بکرێت بە مەبەستی بەدواداچوونی ورد و ئاشکراکردنی بکەران و چۆنیەتیی ئەنجامدانی پەلامارە دەستدرێژکارانەکەی دوێنێ شەوی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر.
کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکەوێتە سنووری شارۆچکەی چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی و بە یەکێک لە گەورەترین کێڵگەکانی بەرھەمھێنانی غاز لە ھەرێمی کوردستان و عێراق ھەژمار دەکرێت و لە چەند ساڵی ڕابردووشدا چەندین جار ڕووبەڕووی ھێرشی درۆن و مووشەکی بووەتەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە