1 کاتژمێر پێش ئێستا
149 جار خوێنراوەتەوە
هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا بەڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە
پەیام
هاوردەکردنی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکانی عێراق لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە، لە مانگی ئابی ٢٠٢٦ـدا بەڕێژەی لەسەدا ٨٦,٤ دابەزی و گەیشتە ١,٣٨٧ ملیۆن بەرمیل.
بەپێی نوێترین داتاکانی بەشی زانیاریی وزەی ئەمریکا (EIA) کە ئاژانسی شەفەق نیوز بڵاوی کردووەتەوە، قەبارەی هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان لە مانگی ئابدا بۆ ١,٣٨٧ ملیۆن بەرمیل دابەزیوە، لە کاتێکدا لە هەمان مانگی ساڵی ٢٠٢٥ـدا گەیشتبووە ١٠,٢٣٤ ملیۆن بەرمیل.
ئامارەکان دەری دەخەن کە کۆی گشتیی هەناردەی نەوت لە عێراقەوە لەماوەی هەشت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا گەیشتووەتە ٣٧,٤٨٢ ملیۆن بەرمیل، لەکاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوودا ٦١,٦٩٢ ملیۆن بەرمیل بووە؛ ئەمەش پاشەکشەیەکی بەرچاوە بە بڕی ٢٤,٢١ ملیۆن بەرمیل و بە ڕێژەی لەسەدا ٣٩,٢.
هەر بەپێی داتاکان، ڕەوتی هاوردەکردنی نەوتی عێراق لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە پاشەکشەی بەردەوامدا بووە؛ بە شێوەیەک لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ـدا لە ئاستی ١٠,٦٤٩ ملیۆن بەرمیلەوە بۆ ٥٠٤ هەزار بەرمیل لە مانگی حوزەیراندا دابەزیوە، هەرچەندە لە مانگی تەممووزدا بۆ ١,٤٨٦ ملیۆن بەرمیل بەرزبووەوە، بەڵام لە مانگی ئابدا دیسانەوە بۆ ١,٣٨٧ ملیۆن بەرمیل دابەزییەوە، ئەمەش بەردەوامیی کەمبوونەوەی هاتنی نەوتی عێراق بۆ نێو بازاڕەکانی ئەمریکا لەمساڵدا دەسـەلمێنێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە