17 خولەک پێش ئێستا
8 جار خوێنراوەتەوە
نرخی گازوایل لە ئەمریکا دوای دوو مانگ بۆ خوار شەش دۆلار بۆ هەر گالۆنێک دابەزی
تێکڕای نرخی گازوایل لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ ٥,٩٩٨ دۆلار بۆ هەر گالۆنێک دابەزی، پاش ئەوەی بۆ ماوەی دوو مانگ لە سەرووی شەش دۆلار مابووەوە و بووە هۆی شکستی کۆماریخوازەکان لە هەڵبژاردنی کۆنگرێسدا.
بەپێی خزمەتگوزاریی گاس بادی، نرخی گازوایل لە ٣ی ئەیلوولدا بۆ ٥,٨٢٠ دۆلار بەرزبووەوە و ژمارەی پێوانەییی دوای جەنگی ئۆکرانیای لە ساڵی ٢٠٢٢ شکاند، پاشان لە ١٠ی ئەیلوولدا لە شەش دۆلار تێپەڕی و لە ٢٢ی هەمان مانگدا گەیشتە ٦,٥١٩ دۆلار، تەنانەت لە ویلایەتی کالیفۆرنیا بەهۆی کەمیی توانای پاڵاوتن و مەرجە ژینگەییەکان بۆ ماوەیەکی کاتی لە ١٠ دۆلاریش تێپەڕی؛ هۆکاری ئەم هەڵکشانە پەککەوتنی هەناردەی نەوت بوو بەهۆی جەنگی ئەمریکا و قەوارەی ئیسرائیل دژ بە ئێران لە پاڵ هێرشە بەردەوامەکانی ئۆکرانیا بۆ سەر پاڵاوگەکانی ڕووسیا، کە بووە هۆکاری سەرەکیی بردنەوەی دیموکراتەکان لە کۆنتڕۆڵکردنی هەردوو ئەنجوومەنی کۆنگرێس لەم مانگەدا.
ئیدارەی دۆناڵد ترهمپ، سەرۆکی ئەمریکا چەندین ڕێکاری بۆ سنووردارکردنی نرخەکان گرتبووەبەر، بەڵام بەهۆی بەردەوامیی دڵەڕاوکێی جەنگ لە بازاڕدا ئەنجامی سنوورداریان هەبوو؛ لە ئێستاشدا هۆکارە وەرزییەکان و کەمبوونەوەی خواست لەگەڵ هێوربوونەوەی هاوکێشە سیاسی و هەرێمییەکان، هاوشانی دابەزینی ١٨,٥٪ی نرخی گرێبەستەکانی نەوتی برێنت لە دوو هەفتەی ڕابردوودا، ڕۆڵی سەرەکییان بینی لە دابەزاندنی نرخی گازوایل کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بە نرخی نەوتی خاوەوە بەستراوەتەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە