13 خولەک پێش ئێستا
90 جار خوێنراوەتەوە
كۆی بڕیارهكانی سهرۆكوهزیرانی عێراق لهسهر دۆسیهی نهوت و ڕێكاره كارگێڕییهكان
پهیام
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، کۆمەڵێک بڕیاری کارگێڕی، دادوەری، ئەمنی و تەکنیکی دەرکرد.
بەپێی ڕاگەیەنراوێکی سەباح نوعمان، وتەبێژی حكوومهتی عێراق، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی لەکار لادا و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان و بەڕێوەبەری پۆلیسی کەرکووکی بەهۆی نەبوونی بەدواداچوون بۆ قاچاخچێتیی بەرهەمە نەوتییەکان دوورخستەوە.
هەروەها فەرماندەی لیوای یەکی پۆلیسی وزە، جێگرەکەی، بەڕێوەبەرانی هەواڵگری و بەشی بازگەکانی لیواکە و بەڕێوەبەری پشکنینی کەرکووک لە کۆمپانیای گشتیی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە پۆستەکانیان لادران و سزای سەرزەنشتکردنیش ئاراستەی بەڕێوەبەرانی ئاسایشی نیشتمانی و هەواڵگریی نیشتمانی لە کەرکووک کرا.
هاوکات تا تەواوبوونی لێکۆڵینەوەی دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نەوتی باکوور و جێگرەکانی، لەگەڵ بەڕێوەبەرانی گشتیی گەشەپێدانی پیشەسازی و کۆمپانیای پیشەسازییە کانزاییەکان لە وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکان لە کارەکانیان هەڵپەسێردران و بەڕێوەبەری پێشووی نەوتی باکووریش ڕەوانەی لێکۆڵینەوە کرا.
لە لایەنی دادوەرییەوە، دۆسیەکان ڕەوانەی دادگا کران تا دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی لێکۆڵینەوەیان تێدا بکات و بیانخاتە بەردەم دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی ناوەندی.
لێکۆڵینەوەکان وردبینیی گرێبەستەکانی فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکانی کۆمپانیای نەوتی باکوور لەگەڵ کۆمپانیای «میحوەری زیوین» و کۆمپانیاکانی دیکە، بڕە دابینکراوەکان، گەیاندنی نەوتی خاو بۆ پاڵاوگەکانی بازیان و کار و بەراوردکردنی بڕە نێردراو و وەرگیراوەکان دەگرێتەوە.
هەروەها لێکۆڵینەوە لە کەمتەرخەمیی بەڕێوەبەر و کارمەندانی نەوتی باکوور، مۆڵەتی کارگەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی گەشەپێدانی پیشەسازی و کۆمپانیا هۆکارەکانی بەهەدەردانی سامانی گشتی، پارەی پاسەوانانی مەدەنیی بۆرییە نەوتییەکان کە لە واقیعدا نین، نەبوونی پشکنینی تاقیگەیی و بڕی بەرهەمە هەناردەکراوەکان لە دەروازەکانی هەرێمەوە دەکرێت.
سەبارەت بە هەرێمی کوردستان و ڕێکارە ئەمنییەکان، بۆ ڕێگری لە تێکەڵبوونی دەسەڵاتەکان، سەرۆکایەتیی حکوومەتی هەرێم ڕاسپێردرا هەناردەکردنی نەوت و بەرهەمەکانی تەنیا لە ڕێگەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵییەوە بێت. هاوکات دەستەی دەروازە سنوورییەکان دەروازەکانی هەرێم وەردەگرێتەوە و فەرماندەیی هێزەکانی سنووریش دەروازە نافەرمییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، دادەخات.
وەزارەتی نەوتیش کێڵگە نەوتییەکانی دیالە، کەرکووک، سەڵاحەدین و نەینەوا بەڕێوە دەبات کە لەژێر کۆنترۆڵی ئەمنیی هەرێمدان، لیواکانی یەکەم و دووەمی هاوبەشی وەزارەتی بەرگریش ڕێگە لاوەکییەکانی نێوان ئەو پارێزگایانە و هەرێم دادەخەن و پۆلیسی وزەی وەزارەتی ناوخۆش تەواوی کێڵگەکان، بەوانەی هەرێمیشەوە، دەگرێتە دەست و بە کامێرا چاودێرییان دەکات.
لە لایەنی تەکنیکیشەوە، میکانیزمێکی پابەندکەر بۆ گواستنەوەی بەرهەمە نەوتییەکان لەنێوان پارێزگاکان و دەروازەکان دادەنرێت، سیستەمی نیشتمانیی دیجیتاڵی بۆ چاودێریکردنی بۆرییەکان و ئاشکراکردنی قاچاخچێتی دادەمەزرێت و وەزارەتی نەوت پێوەری ئەلیکترۆنی لەسەر هەموو بیرە کاراکان دەبەستێت.
هاوکات تیمی ئەندازیاریی نووسینگەی سەرۆکوەزیران لە بازگەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک گۆڕەپان و تاقیگە بە ئامادەبوونی فەرمانبەرانی نەوت، پۆلیسی وزە و ئاسایشی نیشتمانی بۆ پشکنینی بەرهەمەکان دەکاتەوە، وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکانیش ڕاسپێردرا لە شەش مانگدا کارگەکانی قیری ئۆکسێندراو و نەفتا لە ناوچەکانی دەرەوەی کۆنترۆڵی ئەمنیی فیدراڵیی ئەو چوار پارێزگایە بۆ ناوچەکانی دیکەی هەمان پارێزگاکان بگوازێتەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە