26 خولەک پێش ئێستا
162 جار خوێنراوەتەوە
ڕاپۆرت؛ پرسی هێرش بۆ سهر ئێران له نێوان ئیسرائیل و ئهمریكادا
پەیام
ڕۆژنامەی «یەدیعۆت ئەحرۆنۆت» ناکۆکیی ناو سەرکردایەتیی سیاسی و ئەمنیی ئیسرائیل لەسەر هێرشێکردنە سەر ئێران ئاشکرا دەکات، هاوکات رۆژنامەکە دەڵێت ئیدارەی ئەمەریکا پێی وایە پاڵنەرەکانی نهتەنیاهوو بۆ هێرشکردنە سەر ئێران پاڵنەری سیاسییی ناوخۆیین و بۆ خۆ قوتارکردنە لەو تەنگەژە سیاسییەی تێیدایە.
بەپێی ڕاپۆرتی رۆژنامە ئیسرائیلییەکە، بنیامین نهتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، هەوڵ دەدات بە زووترین کات جووڵەی سەربازی دژی تاران ئەنجام بدرێت، بەڵام سوپای ئیسرائیل پێی وایە لە ئێستادا هیچ هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ لەلایەن ئێرانەوە بۆ سەر ئیسرائیل بوونی نییە کە ئەوەندە پێویست بکات ئیسرائیل هێرشی سەربازی ئەنجام بدات. بەڵام لەبەرانبەردا ڕۆمان گۆفمان، سەرۆکی دەزگای مۆساد، هەڵوێستێکی توندتری هەیە و پشتگیریی جووڵەی پێشوەختە لە دژی ئێران دەکات.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوە داوە، گفتوگۆکانی ناو دامەزراوەی ئەمنیی ئیسرائیل لەسەر بژاردەی جووڵەی خێرا یان دواخستنی چڕ بوونەتەوە. بەڵام خەمڵاندنە هەواڵگرییەکان تێبینی هیچ مەترسییەکی ڕاستەقینەیان لەلایەن ئێرانەوە نەکردووە، لەگەڵ ئەوەشدا، تێڕوانینێکی بەرفراوان لەناو ئیسرائیلدا کە ڕەنگە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بۆ لێدانی توانا سەربازیی و ژێرخانی ئێران پێویست بێت کە ئەم تێڕوانینە لەلایەن نهتەنیاهوو و نزیکەکانییەوە دەردەبڕدرێت.
هاوتەریب لەگەڵ ئەم ناکۆکییانەدا، «یەدیعۆت ئەحرۆنۆت» ئاشکرای کردووە کە لەناو ئیدارەی ئەمەریکادا گومانی جیدی هەیە لەوەی پێداگریی نهتەنیاهوو بۆ پەلەکردن لە هێرش بۆ سەر ئێران تەنیا پەیوەندی بە لایەنی ئەمنییەوە نەبێت، بەڵکوو پەیوەست بێت بە قەیرانە سیاسییەکەی دوای هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل و هەوڵەکانی بۆ مانەوە لە دەسەڵاتدا.
ناوەندە ئەمەریکییەکان دەترسن نهتەنیاهوو بیەوێت لە کاتێکدا ئۆپەراسیۆنەکە بکات کە پارتە ئیسرائیلییەکان سەرقاڵی دانوستانن بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ، بەوپێیەی گرژیی سەربازی لەگەڵ ئێران پێشینەی ڕای گشتیی ئیسرائیل دەگۆڕێت و کارنامەی سیاسی دادەڕێژێتەوە، ئەوەش دەرفەتی پێکهێنانی حکوومەتێکی یەکێتیی نیشتمانی بە سەرۆکایەتیی خۆی دەڕەخسێنێت.
ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدان کە گوشارەکانی ئەمەریکا بۆ سەر تاران بەردەوامن و دەرفەتەکانی چارەسەری دیپلۆماسی پاشەکشەیان کردووە، هاوکات خەمڵاندنە ئیسرائیلییەکانیش لەسەر خێرایی و کاتی بژاردەی سەربازی جیاوازن، بەپێی ڕاپۆرتەکە، دۆناڵد ترهمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، هێشتا بڕیاری کۆتایی بۆ دەستپێکردنەوەی جەنگ دژی ئێران نەداوە و ئاماژەی بە ئەگەری دواخستنی بڕیارەکە تا سەرەتای ساڵی ئایندە کردووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە