حەسەن عومەر
19/08/2025
24 جار خوێنراوەتەوە
لە جیاتی قوتابیان واخەریکە خوێندن دەکەوێت
جاران قوتابی ڕاسب دەبوو، ئێستا قوتابخانە و
مامۆستا و حکومەت و خوێندن ڕاسب دەبن!
جاران بۆ ڕزگاری وڵات لە نەخوێندەواری خولی فێرکردنی
گەوران (محو الٲمیة)یان دەکردەوە تافێری خوێندەواری بن.
کەچی ئێستا بێتێچوون و بێخول مناڵی فەقیر و هەژاری
ئەم وڵاتە نەخوێندەوار دەکرێن!
خوێندن پڕۆسەیەکی درێژخایەنی موتەکامیللی نیشتیمانییە،
پێکدێت لە(قوتابی و مامۆستا و پڕۆگرام و سیستم و بەڕێوەبردن و مافەکان) بۆ هەموو ئەمانەش
پێویستە حکومەت مافە دارایەکانی مامۆستایان و بەڕێوەبەران و سیستەمەکە لەئەستۆ بگرێت.
گەلۆ سەیرە دەسەڵات بێماندوو بوون ڕایهێناین کەخەڵک
حکومەت بەخێوبکات! ماوەی 12ساڵە دینارێکت لەقوتابخانەیەک خەرج نەکردبێت و خێرخواز
و دایک و باوکی قوتابی بەوئەرکە هەڵسابن و پارەی حانوتی مەکتەبەکانیشت کێشابێتەوە،
موچە 60مانگ واتا پارەی 5ساڵی مامۆستاو فەرمانبەرانت خواردبێت لەماوەی ئەو 11ساڵەدا،
ئەوە چ مواسەفاتێکی بەڕێوەبردنە؟!
ئەرێ بەڕاست ئێمە لەجیهانی مۆدێرینەی سەدەی 21ین
یان ئێستاش لەسەدەی 2و زەمەنی دەرەبەگایەتیداین؟!
گەلێک لەسەر خاکێکی یەک پارچە زێڕ و نەوت و غاز
و سامانی مرۆیی بەدرێژایی 12ساڵ دەسەڵاتداری کوردی وەک ئەوەی کە ئەم وڵاتە یەک
قوتابی تێیا نەبێت، تەنها یەک هەنگاویش بەئاڕاستەی چارەسەری ژیانی مامۆستایان و
موچەخۆرانی ناگرێتەبەر، کەلایەزال ژیانی خوێندنی 2ملیۆن و 200هەزار قوتابی لە لێواری
ڕاگەیاندنی ڕاسب بوندایە!
دەزانن یانی چی؟ یانی یەک لەسەر سێی دانیشتوانی
کوردستان سەرگەردان و ماڵوێرانن، کەچی دەسەڵات لەجیاتی گرتنەبەری ڕێگە چارە هەموو
هەوڵەکانی ئەوەیە لەڕێگەی ڕاگەیاندنێکی فەیکی فەیسبوک و ماکینەیەکی تێروپڕی ئیعلامی
حیزبی وانیشان بدات شتێک لەگۆڕێدا نییە بەناوی کێشەی خوێندن!!
دەیانەوێت بڵێن موعالەجەی ئەو قەیرانە گەورەی ڕاسب
بوونی خوێندن و خوێندەوارییە، بە دوو پۆستی فەیسبوک و دوو هەواڵی درۆینە، داهاتوویەکی
ڕاسبووی مسۆگەری کوڕان و کچانمان لە زانست و پەروەردە چارەسەر دەکات؟!
ئەگەر وابڕوات، لەدەهۆڵی تێکشکانی پەروەردەو
زانست بدەن و شتێک بەناوی چارەسەری بۆ پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن نامێنێتەوە و قەیرانەکانی
11ساڵی ڕابردوو بۆ گەرم و گوڕکردنەوەی مامۆستایان و پەروەردەکاران و قوتابخانەکان،
لەخەونی حوشتر زیاتر نابێت!
ئای چ زروفێکە تێی کەوتووین حکومەت لەجیاتی پاڵپشتی
نەخوێندەواران، میللەتی بەرەونەخوێندەواری ڕاستەقینە تاودەدات؟!!
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی حەسەن عومەر