1 کاتژمێر پێش ئێستا
123 جار خوێنراوەتەوە
نەختینەی بەردەست لە بانکی ناوەندی بەڕێژەی ٦٧% دابەزیوە
پەیام
داتاکانی بانکی ناوەندیی عێراق ئاشکرایان کردووە کە یەدەگی دراوی بیانیی وڵاتەکە لە کۆتایی حوزەیرانی ٢٠٢٦دا بە ڕێژەی ١١.٦٪ بۆ ٨٦.١٧٥ ملیار دۆلار دابەزیوە، بەراورد بە کۆتایی ساڵی ڕابردوو.
بەپێی ئامارەکان، یەدەگی دراوی عێراق پاش ئەوەی لە مانگی شوباتدا گەیشتە بەرزترین ئاست کە ١٠٢.١٣١ ملیار دۆلار بوو، لە مانگەکانی دواتردا ڕووی لە پاشەکشە کردووە. ئەم دابەزینەش بە هەمان شێوە لە بەهای یەدەگەکە بە دیناری عێراقی ڕەنگی داوەتەوە؛ کە لە ١٢٦.٦٦١ تریلیۆن دینارەوە لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥، بۆ ١١٢.٠٢٧ تریلیۆن دینار لە کۆتایی مانگی حوزەیراندا کەمبووەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، بەهای ئاڵتوونی یەدەگکراو بە ڕێژەی ٦.٦٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە و بۆ ٢٩.٤١٥ تریلیۆن دینار کەمبووەتەوە. هاوکات، قەبارەی وەبەرهێنانەکانی یەدەگەکەش بە ڕێژەی ١٢.١٪ پاشەکشەی کردووە و گەیشتووەتە ٨١.٩٩٨ تریلیۆن دینار، ئەمەش بەراورد بە ئامارەکانی کۆتایی ساڵی پێشوو.
سەبارەت بە نەختینەی بەردەست لە خەزێنەکانی بانکی ناوەندیدا، قەبارەکەی بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و لە ١.٩٠٧ تریلیۆن دینارەوە بۆ ٦١٤ ملیار دینار کەمبووەتەوە، کە دەکاتە دابەزینێک بە ڕێژەی ٦٧.٨٪. سەرباری ئەمەش، لەسەر ئاستی مانگانە و لەنێوان مانگەکانی مایس و حوزەیراندا، هەرچەندە قەبارەی یەدەگی بیانی و ئاڵتوون و وەبەرهێنانەکان کەمیان کردووە، بەڵام قەبارەی نەختینەی نێو خەزێنە لە ٣٦٦ ملیار دینارەوە بۆ ٦١٤ ملیار دینار بەرزبوونەوەی تۆمارکردووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە