1 کاتژمێر پێش ئێستا
135 جار خوێنراوەتەوە
ڕاپۆرت؛ پێشبینی دهكرێت سزا نوێیهكانی ئهمریكا نرخی نهوت بهرز بكاتهوه
نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا بەهۆی ئامادەکارییەکانی واشنتن بۆ سەپاندنی سزای توندتر بەسەر ئێراندا، زیاتر لە لەسەدا یەک و نیو دابەزی و نرخی برێنت گەیشتە ٩٢.٧٣ دۆلار.
لە مامەڵەکانی ئەمڕۆ دووشەممەدا، نرخی نەوتی خاوی برێنت بە ڕێژەی ١.٧٦٪ دابەزی و گەیشتە ٩٢.٧٣ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. هاوکات، بەگوێرەی داتاکانی ماڵپەڕی "ئۆیڵ پرایس"، نرخی نـەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکی (WTI) بە ڕێژەی ٢٪ پاشەکشەی کرد و نرخەکەی بۆ ٨٥.٢٧ دۆلار دابەزی.
ئەم گۆڕانکارییانە لە کاتێکدایە کە هەفتەی ڕابردوو هەردوو جۆرەکەی نەوت بۆ دووەم هەفتە لەسەریەک نرخیان بەرز بوەوە و، ئەوەش بەهۆی چەقبەستوویی گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و دروستبوونی مەترسی لەسەر گواستنەوەی نەوت لە گەرووی هورمز.
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، هۆشداریی داوە کە واشنتن کار دەکات بۆ سەپاندنی "توندترین سزاکانی مێژوو" بەسەر کۆماری ئیسلامی ئێراندا و بڕیارە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیـدا وردەکارییەکان ئاشکرا بکات. کە لە دۆخی چوونەکاری ئەو سزایانە هێندەی دیکە نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبوونەوە بەخۆیەوە دەبینێت.
لەو چوارچێوەیەدا، ڤیڤێک دێهار، شرۆڤەکاری ئابووری لە بانکی کۆمۆنوێڵسی ئوسترالی، ئاماژەی بەوە کردووە کە هێشتا ڕوون نییە سیاسەتی گۆشەگیرکردنی ئابووریی ئێران تا چەند سەرکەوتوو دەبێت، بەڵام کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هەیە و، جەختی کردەوە ئەگەر سزاکان کاریگەر بن، ئەوا ئەگەری کاردانەوەی توندی تارانیش لە ئارادایە کە ئەمەش دەبێتە هۆکارێکی دیکە بۆ شڵەژانی بازاڕەکانی وزە و دەبێت حیسابی بۆ بکەن.
لەلایەکی دیکەوە، تاران پلانی سزاکانی ئەمریکای سەرکۆنە کردووە، هەرچەندە مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، داوای دۆزینەوەی چارەسەری دیپلۆماسی دەکات.
تۆنی سیکامۆر، شرۆڤەکاری بازاڕ لە دامەزراوەی "ئای جی"، پێی وایە باڵە میانڕەوەکانی ئێران خوازیاری هێورکردنەوەی دۆخەکەن، بەڵام سوپای پاسداران بژاردەی ڕووبەڕووبوونەوەیان هەڵبژاردووە و پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی ئەم هەفتەیە ئاڕاستەی سیاسی تاران ڕوون بێتەوە.
لەسەر ئاستی بازرگانیش، سزاکانی ئەمریکا بوونەتە هۆی کەمبوونەوەی هەناردەی نەوتی ئێران بۆ چین و بەرزبوونەوەی نرخەکان. لە ناوخۆی ناوچەکەشدا، ئاژانسی "ئێرنا" بڵاوی کردەوە کە تاران دوای داواکارییە بەردەوامەکانی بەغدا، ڕێگەی بە تێپەڕبوونی چەند تانکەرێکی نەوتی عێراقی لە گەرووی هورمز داوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە