ئاسۆ گەڵاڵی 03/03/2026 83 جار خوێنراوەتەوە

زانستی بەڕێوەبردن و سیستمی پینەوپەڕۆ! وانەیەکی کارگێڕی لە قەیرانی کارەبادا..

زانستی بەڕێوەبردن و سیستمی پینەوپەڕۆ!
 وانەیەکی کارگێڕی لە قەیرانی کارەبادا..

لە کاتێکدا ناوچەکەمان بە دۆخێکی هەستیار و جەنگ و گرژییەکی سەربازیی بێپێشینەدا تێدەپەڕێت، لەپڕ کارەبای هەرێمی کوردستان بەهۆی ڕاوەستانی غازی کۆرمۆرەوە بەتەواوی پچڕا. لە لایەکی تریشەوە، بەهۆی پڕۆژەی (ڕووناکی)ـیەوە مۆلیدەکان لەکارکەوتوون و خاوەنەکانیان ئامادە نین لەم کاتەدا کار بکەن. بۆچی؟ چونکە متمانەیان نەماوە و جاری ڕابردوو کاریان کرد و حکومەت دینارێکی پێ نەداون. بەڵام ئەم بێکارەباییە قەیرانێکی گەورەی دروست کردووە و ملیۆنان هاووڵاتی پەنایان بۆ چرا و فتیلە و مۆم و گڵۆپی شەحن بردووە.

جا لەم بابەتەدا دەمەوێت دوور لە تێڕوانینی سیاسی، ئەم قەیرانە لە دیدگای "بەڕێوەبردنی قەیرانەکان" (Crisis Management - إدارە اڵازمات)ـەوە هەڵبسەنگێنم. چەند خاڵێکی کارگێڕی هەن کە دەبێت حکومەت و ئیدارە خۆجێییەکان لە پڕۆژەکانی داهاتوودا ڕەچاوی بکەن (لەپێناو خەڵک نا لەپێناو خۆیان):

١. نەبوونی «پلانی جێگرەوە» (Contingency Planning - التخگیگ للگوارئ):
لە زانستی بەڕێوەبردندا، پشتبەستن بە تەنها یەک سەرچاوەی وزە مەترسیدارترین جۆری پلاندانانە. پڕۆژەی دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری، پێویست بوو سیستەمی یەدەگی تێدا ڕەچاو بکرێت، بۆ ئەوەی پەککەوتنی یەک کێڵگەی غاز نەبێتە هۆی ئیفلیجبوونی گشتیی وڵات لە کاتە نائاساییەکاندا. ئێستاش نەچووە بچێت، دەبێ پشتبەستن به یەک سەرچاوە کۆتایی پێ بهێنرێـت!

٢. فەرامۆشکردنی «بەڕێوەبردنی پەیوەندیی خاوەن بەرژەوەندییەکان» (Stakeholder Management - إدارە أصحاب المصلحە):
لە هاوکێشەی وزەدا، خاوەن مۆلیدەکان بەشێکن لە پڕۆسەکە. نیگەرانبوون و ئامادەنەبوونیان بۆ کارکردن لەم قەیرانەدا کێشەیەکی گەورەیە و بەهۆی ئەوەوەیە کە پڕۆژە نوێیەکە چارەسەری بۆ دانەناون. لە کاتی گۆڕانکاریی کارگێڕییدا، پێویستە حکومەت وەک هاوبەش (Partner) مامەڵە لەگەڵ کەرتی تایبەت بکات بۆ ئەوەی لە کاتی قەیراندا نەبنە بەربەست. بەداخەوە لە هەرێمی کوردستان یان بە کوڵکوپێستەوە پڕۆژەکان ڕادەستی کەرتی تایبەت (حزب و بنەماڵە دەکرێت) یان وەک ئەم دۆسیەیە کەرتی تایبەت پشتگوێ دەخەن!

٣. پاراستنی «بەردەوامیی کار و خزمەتگوزاری» (Business Continuity - استمراریە اڵاعمال):
ئامانجی هەر پڕۆژەیەکی مۆدێرن، تەنیا کارکردن نییە لە دۆخی ئاساییدا، بەڵکو بەردەوامبوونە لە دۆخی نائاساییدا. بە زمانێکی سادە، ئازایەتی نییە لە جادەی تەختدا بڕۆیت، ئازایەتی ئەوەیە بەرگەی هەوراز و نشێو بگریت! جا کاتێک سیستەمی سەرەکی دەوەستێت، دەبێت بەڕێوەبەرانی پڕۆژەکە توانای نەرمینواندن و کاردانەوەی خێرای (Agility) هەبێت بۆ تێپەڕین بۆ "باری فریاگوزاری"، بەبێ ئەوەی ژیانی هاووڵاتیان و کەرتی بازرگانی پەکبخرێت.

٤. لاوازی لە «پەیوەندییەکانی کاتی قەیران» (Crisis Communication - التواصل فی اڵازمات):
لە کاتی قەیرانی کارگێریدا، پێدانی زانیاریی ڕاست و شەفاف بە خەڵک گرنگترین کارە. بێدەنگی یان لێدوانی ناڕوون لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە، تەنیا دڵەڕاوکێ زیاد دەکات و متمانەی خەڵک بە پڕۆژە ستراتیژییەکانی داهاتوو لاواز دەکات. کێشەی گەورەی حکومەتی هەرێم لەگەڵ هاووڵاتیان نەمانی متمانە و بڕوا و پچڕانی ئەو پەیوەندیەیە.

لە کۆتاییدا پێویستە بیرمان بێت سەرکەوتنی پڕۆژەکان (بەتایبەت هی کەرتی گشتی) بەوە ناپێورێت کە لە ڕۆژە ئاساییەکاندا چۆن کار دەکەن، بەڵکو تاقیکردنەوەی ڕاستەقینە ئەوەیە کە لە کاتی قەیران و ئاڵۆزییە دەرەکییەکاندا چەندە خۆڕاگرن. هیوادارم لایەنە پەیوەندیدارەکان بە دیدێکی "کارگێڕیی زانستی" و لە ڕێگەی "بەڕێوەبردنی مەترسییەکان" (Risk Management)ـەوە پێداچوونەوە بەم جۆرە پڕۆژە خزمەتگوزارییانەدا بکەن. چونکە دڵنیابن ئیدارە بە پینەوپەڕۆ ناکرێت و ئەگەر پڕۆژەکان تۆکمە نەبن ئەوا ئەمڕۆش نەبێت ڕۆژێک ئەم کەڵەکە هەر دادەڕمێت! هیواخوازم ئەم قەیرانەی ئێستا زلـلەیەکی ئاگادارکردنەوە بێت و ببێتە هۆی هۆشیارکردنەوە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا