ئیسماعیل نامیق 05/05/2020 803 جار خوێنراوەتەوە

فەرموو کەپۆمان بشکێنە!

هەولێرییەک لەگەڵ کەسێکى سلێمانى دەبێت بەشەڕى، کابراى هەولێرى بەکابراى سلێمانى دەڵێت: کەپۆت دەشکێنم، کابراى سلێمانیش پێى دەڵێت بیشکێنە بەس بۆ ئەوەى بزانم کەپۆ چیە.

پارێزبەندیى پەرلەمانتار ئایەتى قورئان نیە نەتوانرێت دەستکاریى بکرێت، چونکە لەبنەڕەتدا پارێزبەندیى خۆى بۆ ئەوە نیە پەرلەمانتار لەسەروى یاساوە بێت، بۆ ئەوە نیە هەرچى وویست بیڵێت و بیکات، بۆ ئەوەش نیە پارێزراو بێت لەهەر جۆرە بەرپرسیارێتیەک، بەڵکو تەنها بۆ ئەوەیە بتوانێت کارەکانى بەئازایانە وئازادانە ئەنجامبدات، ئەرکەکانى جێبەجێ بکات بێئەوەى روبەڕووى رێگریى وسوکایەتى پێکردن بێتەوە.

کەواتە، هەڵگرتنى پارێزبەندیى تاوان نیە وبابەتێکى تەواو یاساییە، بەراى من نابێت ئەوەندەش بەرامبەرى هەستیار بین، بەڵام بەڕێز سەرۆکى ئەنجوومەنى وەزیران بۆ ئەوەى بیسەلمێنن کەفعلەن دەتانەوێت یاسا سەروەر بێت! فەرموون سکاڵاکەتان لەدادگایەکى سلێمانى یان هەر دادگایەکى دیکەى دەرەوەى ناوچەى قەڵەمڕەویى حیزبەکەتان تۆماربکەن. وە بیریشتان نەچێت شانبەشانى تۆمارکردنى سکاڵا لەسەر پەرلەمانتاران، سکاڵا لەسەر من وزۆربەى خەڵکى کوردستانیش تۆمار بکەن، چونکە ئێمەش رامان وایە، بەرێزت وسەرۆکى هەرێم وجێگرى سەرۆکى حکومەت وبەشێکى زۆر لەکاربەدەستانى حکومەتەکەى ئێستاى جەنابت وحکومەتەکانى پێشووى ئامۆزاکەت، بەرژەوەندیى بازرگانی ناشەرعى وبانک وکۆمپانیا وگرێبەستى بازرگانیتان هەبووە وهەیە، جا بەناوى خۆتان بێت، یان بەناوى خوازراوەوە. سادەترین نموونە، خەڵک گومانى هەیە وپرسیار دەکات لەوەى کێ پارە بۆ ( K24 ) و (RUDAW ) دابین دەکات؟ چۆن؟ لەکوێى دەهێنێت؟ بەمووچە یان بەچى؟

کارێکى باشە ئەگەر بەڕێزت یان هەر بەرپرسێکى حکومى بیر لەوە بکەنەوە بەئامرازە مەدەنییەکان مافەکانى خۆی وەربگرێتەوە. ئەگەر ئەمە دەرئەنجامى گۆڕانى بیرکردنەوەو دروستبوونى قەناعەت بێت بەیاسا ودادگا، شایانى پشتگیریى کردن ودەستخۆشیە، خۆ ئەگەر تەنها بەکارهێنانى یاسا ودادگا بێت بۆ ترساندن وکپکردن وخۆسەپاندنى زیاتر دڵنیابن ئەنجامى باشى نابێت.

جا وەکو دەستپێک ئەگەر بڕواتان بەسەروەریى یاسا وسەربەخۆیى دادگاکان هەیە بەراى من سکاڵا نەک لەسەر پەرلەمانتار بەڵکو لەسەر هەموو ئەو خەڵکە تۆمار بکەن کە رۆژانە لەراگەیاندنەکانەوە بەروونى وراشکاویى باس لەگەندەڵى وکۆمپانیا وبەرژەوەندییە بازرگانیەکانى کاربەدەستانى حکومى وحیزبى دەکەن، بۆ ئەوەى بسەلمێنرێت، ئایا میللەت راستگۆیە یان ئێوە؟ خۆ ئەگەر دەشتانەوێت بەیاسا رێگرى بکەن لەقسەو پرسیار وگومانەکانمان، دەتوانن فەرمان بەوەزیرى ناوخۆ بکەن بۆ هەتاهەتایى میللەت کەرەنتینە بکات! یاخود فەرمان بە دادگا وداوەرەکانتان بکەن، حوکمى لەسێدارەدان یان زیندانى هەتاهەتایى بۆ هەموو ئەوانە دەربکەن کە قسە ئەکەن یان گومانیان لەپاکى ئێوە هەیە!!

بۆیە لەهەموو حاڵەتێکدا گرتنەبەرى رێگەى دادگا بەلاى منەوە باشە، چونکە ئەگەر دادگا سەربەخۆ ویاسا سەروەر بێت، حەقیقەتى ئێوە بۆ خەڵک دەردەکەوێت، ئەگەر سەربەخۆش نەبێت ئەوا حەقیقەتى دادگا زیاتر بۆ خەڵکى رون دەبێتەوە. جا خوائەکا ئێوە باوەڕتان بەیاسا ودادگا ئەبێت، فەرموون لەرێگەى دادگاوە کەپۆمان بشکێنن!!

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا