هێرش عه‌بدوڕه‌حمان 28/08/2020 457 جار خوێنراوەتەوە

خەونی کورد بایدن و پڕۆژەکەیەتی

هێرش عه‌بدولڕه‌حمان

تەواوی دونیا چاوی لەسەر ھەڵبژاردنەکانی ئەمریکایە و چین و ئێران دڵیان بە بایدن خۆشە، ڕوسیا و تورکیا حەزیان لە مانەوەی ترامپە، کوردیش وەک ئەوانی تر حەز بە دەرچوونی بایدن دەکات. حەزی کورد لەوەوە سەرچاوەی گرتوە کە بایدن خاوەن پڕۆژەی دابەشکردنی عێراقە و بەڵکو ھەگبەکەی بایدن شتێکی بۆ کورد تێدابێت.

ھەرێمی کوردستان لە ٣٠ ساڵی رابردوودا سەرەڕایی ئەو ھەموو پارە و وزەیەیی لەبەر دەستدا بووە نەیتوانیوە پەیوەندی نێوان ئەمریکا و کورد لە ھاوبەشەوە بگۆرێت بۆ ھاوپەیمان یان دۆستیکی ڕاستەقینە، بێ متمانەیی ناو ماڵی کوردی، پەرتەوازەیی وای کردووە تا ئەمرۆش ھەرێم خاوەنى نوێنەرایەتییەکى ناجێگیر و ناڕەسمی بێت لە جیهانى سیاسەتە نێودەوڵەتییەکاندا.

پەیوەندی ئەمەریکا لەگەڵ هەرێمى کوردستان بە تێپەڕبونى کات پێشکەوتنى بەخۆوە نەبینیوە، ئەمریکاش بە گومانەوە سەیرى ئەو پەیوەندییەی کردووە. متمانەی بە ھەڵسوکەوتەکانی ھەرێم نەبووە، ھەر لە شێوازی حوکمرانیەوە تا یاریکرن لەسەر پەتی تورکی و ئێرانی، ئەوەش بۆتە ھۆی ئەوەی تا ئەمڕۆش پەیوەندى ئەمەریکا لەگەڵ کورددا پەیوەندییەکى بەرژەوەندى ئامێز بێت، تاوەک هەبونى ئامانجێکى هاوبەش یان هاوپەیمانێتییەکى دوسەرە لەنێوان هەردولادا.

ھەرێم بۆ ئەوەی ئایندەی ڕون بێت دەست بکات بە بنیاتنانى پەیوەندییەکى دوقۆڵییی دڵسۆزانەو بێگەردانەتر لەوەى ڕابردوو، واز لە حزبایەتی و گەندەڵی راو رووت بێنن، نمونەیەکی باشتر لە حوکمرانی پێشکەش بکات و، تەبەنیی پەیوەندییەکى دورو درێژى راستەقینەو جدى بکات لەگەڵ ئەمریکادا بە کەرەستەی تازەتر.

دەبێت ھەرێم بیسەلمێنێت کە لە داهاتوودا دەتوانێت هاوبەشێکى پشت پێ بەستراوى ئەمەریکایە، لە ناوچەکە نەک تەنها هاوبەشێکی کاتى، چیتر دڵی بە پرۆژەی ھاوشێوەی بایدن خۆش نەکات خۆی خاوەن پڕۆژە بێت، تا لە ئایندەدا بە یەکجاری تەسلیم بە بەغداد نەکرێتەوە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا