لەتیف مستەفا شێخ ئەمین 21/09/2022 109 جار خوێنراوەتەوە

کاتێک باجدان دەبێت بە واجب

١ـ  سەرچاوەکانی داھات و خەرجییەکان شەفاف بێت و بەیاسا رێکخرابێ و لە لایەن پەرلەمانێکی بەھێزەوە بڕیاری لەسەر درابێت و چاودێری جێبەجێکردنیشی بکات.

٢ـ حکومەت ئەو باجانەی کۆی دەکاتەوە بۆ خزمەتی گشتیی بەکاری بهێنێت نەک بەشی زۆری ئەو پارەیە تەرخان بکات بۆ حزب و سەدەھا ھەزار مووچەخۆری حزبی و کردنەوەی فەوجی چەکدار بۆ ئەم و ئەو لەسەرحیسابی گیرفانی خەڵکی.

٣ـ دەسەڵاتەکانی سەرۆکی حکومەت و ھەرێم و پەرلەمان دیاریکراوبێت و ھەرخەرجییەکیان لە دەرەوەی دەسەڵاتی خۆیان خەرج کرد، روبەڕوی لێپرسینەوە بکرێنەوە، وە نەتوانن بە کەیفی خۆیان دارایی و زەوی و مومتەلەکاتی گشتیی بە مەکرەمە بدەن بەم و بەو.
٤ـ سەرۆکی حزبەکان، بەتایبەتی سەرۆکی حزبەکانی دەسەڵات نەتوانن بە ئارەزوی خۆیان لە دارایی گشتیی خەڵکی ببەن و تەخشان و پەخشانی بکەن و پیاوەتی بەسەر ئاوی حەمامەوە بکەن.

٥ـ کۆکردنەوەی باج بە گوێرەی دەستور و یاسا بێت، نەک بەرێنمایی و بریاری سەرپێیی وەزارەت و نابێت ئەوانەی ھەژارو کەم دەرامەتن باج بیان گرێتەوە.

بەڵام تۆ بتەوێت بەقەرەقوشیانە باج کۆبکەیتەوەو ھارونە رەشیدانە لە کەیف و مەلەزاتی خۆتان و بنەماڵەکانتان و حزب و لایەنگران و پیاوەکانتاندا خەرجی بکەن و خەڵکیش زەقەی چاوی بێت، بە دڵنییایەوە باج دان نەک ھەر واجب نییە، بەڵکو یاخی بوون لە وەھا باج وەرگرتنێک واجبە.

لە وڵاتێکی وەک بەریتانیا زیاتر لە ٩٠٠ ساڵ پێش ئێستاو لە ساڵی١٢١٥ دا شۆڕشیان کرد دژی ئەوەی پاشا چیتر نەتوانێت باج کۆبکاتەوە بە ھەرەمەکی و لە شەڕو شۆڕو سەرکێشیەکانیدا خەرجی بکات.

ھەر لەو شۆڕشەوە بیرۆکەی پەرلەمان ھاتە کایەوەو بریار درا کە دەبێت ئیتر پاشا بەرەزامەندی نوێنەرانی گەل باج بسەپێنێ و کۆیبکاتەوەو بە رەزامەندی نوێنەرانی گەلیش خەرجی بکات.

کەچی حکومڕانانی ئێمە دەیانەوێت لە باج سەپاندن و کۆکردنەوەو خەرج کردنیدا، بەبێ ھیچ رەزامەندی و چاودێرییەک ھاوشێوەی ئەوەی پێش ٩٠٠ ساڵ ھەبووە ئەنجامی بدەن.

بۆیە یاخیبوون و شۆڕش دژی وەھا سیستەمێکی باج، ئەرکێکی نیشتیمانییە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا