05/10/2021
433 جار خوێنراوەتەوە
پلاسخارت: ئاگادارین لەوەی لە شنگال دەگوزەرێت
پهیام
نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، جێنین ھێنیس پلاسخارت رایگەیاند کە ئاگادارن لەوەی ئێستا چی لە شنگال دەگوزەرێت و جەختیشی کردەوە لەسەر ئەوەی کە ھەر کاندیدێک ئازادە کە دەیەوێت بە ئامانجی بانگەشەکردن بچێت بۆ کام شوێن.
جێنین ھێنیس پلاسخارت لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لەبارەی ھەڵبژاردنەکانی ١٠ی ئەم مانگە وتی: "پێنج رۆژ ماوە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان، لێرەوە جەخت لەسەر بانگەوازەکەی مەرجەعی باڵای ئایینی، عەلی سیستانی دەکەینەوە لەبارەی گرنگیی بەشداریکردنی عێراقییەکان لە پڕۆسەکەدا، چونکە ھەڵبژاردنەکان ئەو بەرەنگارییانەی کە بەرەوڕووی عێراقییەکان بووەتەوە چارەسەر دەکات لەوانە؛ قەیرانی ئابووریی".
راشیگەیاند کە نەتەوە یەکگرتووەکان بێ ئاگا نییە لە مەترسی و بەرەنگارییەکان لە عێراق و بەردەوام ھاوبەشی عێراقییەکان دەبێت و جەختیشی کردەوە لەسەر ئەوەی کە ھەڵبژاردنەکانی ئەمجارە جیاواز دەبێت لە ھەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨.
نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق باسی لەوەش کرد کە ھێزە ئەمنییەکانی عێراق تەواوی ھەوڵەکانیان بە ئامانجی پاراستنی بنکە و ناوەندەکانی دەنگدان لە رۆژی ھەڵبژاردنەکاندا، خستووەتەگەڕ و وتی: "ھاوکار دەبێن بۆ بەرگرتن لە ئەنجامدانی ساختەکاری لە ھەڵبژاردنەکانی ١٠ی ئەم مانگە".
جێنین ھێنیس پلاسخارت سەبارەت بە رەوشی شنگال وتی: "ئاگادارین لەوەی ئێستا چی لە شنگال دەگوزەرێت و ھەر کاندیدێکیش ئازادە کە بە ئامانجی بانگەشەکردن، دەیەوێت بچێت بۆ کام شوێن و دەسەڵاتداران بەدواداچوون دەکەن بۆ ئەو کەسانەی کە زیان بە کاندیدەکان دەگەیەنن".
نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختیشی کردەوە لەسەر ئەوەی ئەو دەنگدەرانەی کە کارتی بایۆمەتریان وەرنگرتووەتەوە، ئەوا ناتوانن دەنگ بدەن و وتی: "ھەر کارتێکی دەنگدان کە وەرنەگێراوەتەوە، ناتواندرێت بۆ دەنگدان بەکاربھێندرێت".
جێنین ھێنیس پلاسخارت باسی لەوەیش کرد کە ٩٠٠ چاودێری نێودەوڵەتیی لە پێناو چاودێریکردنی پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکان لە عێراقن و وتی: "تیمی چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ چاودێرکردنی پڕۆسەی دەنگدان لە ھەڵبژاردنەکانی عێراقدا لە پارێزگاکانی بەغدا، ھەولێر، کەرکووک، نەینەوا و بەسرە بڵاودەکرێتەوە".
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە