7 کاتژمێر پێش ئێستا
103 جار خوێنراوەتەوە
ئیسرائیل: كۆگا و سەكۆی هەڵدانی موشەكمان لەناوەڕاستی ئێران بەئامانج گرتووە
پەیام
سوپای داگیركەری زایۆنی ڕایدەگەیەنێت كۆگای مووشەك و سەكۆی هەڵدانی موشەكیان لەناوەڕاستی ئێران بەئامانج گرتووە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ڕاگەیەنراوێكدا سوپای داگیركەر ئاماژەی بەوە دا "هێزی ئاسمانی ژمارەیەك هێرشی كردە سەر ژێرخانی سەربازیی كۆگاكردن و سەكۆی هەڵدانی مووشەك لە ناوەڕاستی ئێران، بەڵام تا ئێستا بەرپرسانی ئێران ڕوونكردنەوەیان لەبارەی ئەم هێرشەوە نەداوە".
لەلایەكی دیكەوە چەند پێگەیەكی شاری قوم بۆردومان كرا و سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئێرانیش ژمارەیەك مووشەك و بۆمبی تەقاندەوە. وتەبێژی بارەگای بەڕێوەبردنی پارێزگای قوم ڕایگەیاندووە: لە ئاكامی بۆردومانی زایۆنی بۆ سەر باڵەخانەیەكی مەدەنی دوو كەس كوژراون و چواری دیكە بریندار بوون.
هەر لە پارێزگای قوم دەسەڵاتدارانی ئێران دەستگیركردنی 22 كەسیان بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ هەواڵگریی زایۆنی ڕاگەیاند.
هەر ئەمشەویش میدیای ئێران باسی لەوە كرد دەنگی تەقینەوە لە ئەسفەهانی باشووری ئێران بیستراوە و سیستەمی بەرگریی ئاسمانی لە ئەسفەهان و كرماشان و مەشهەد و بوشەهر و شیراز كەوتووەتە كار.
لە 13 ی ئەم مانگەوە سوپای زایۆنی بە پشتیوانیی ئەمریكا و ڕۆژئاوا هێرشى بۆ سەر دامەزراوەی ئەتۆمی و بنكەی سەربازی و سەكۆی مووشەكی لە ئێران دەست پێ كردووە، ئێرانیش لە بەرانبەردا بە مووشەكی بالیستی و درۆن ئامانجی جیاواز لە قوڵایی قەوارەی زایۆنی بە ئامانج دەگرێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە