4 کاتژمێر پێش ئێستا
93 جار خوێنراوەتەوە
هێرشەکانى سەر غەززە بەردەوامە و ئەمڕۆش دەیان كەسی دیكە بوونە قوربانى
پەیام
كۆمەڵكوژیی سەر كەرتی غەززە بەردەوامی هەیە و ئەمڕۆش تا هەنووكە دەیان كەسی دیكە بە بۆردومان و گوللەی سوپای زایۆنی شەهید بوون.
لە 102هەمین ڕۆژی دەستپێكردنەوەی جەنگی سەر كەرتی غەززە لەلایەن سوپای قەوارەی زایۆنییەوە ئەمڕۆ تا ئامادەكردنی ئەم هەواڵە 26 هاووڵاتی دیكە شەهید بوون.
بەپێی سەرچاوەكانی هەواڵ لە ئاكامی بۆردومانی كەمپی بریج لە نێوەڕاستی كەرتی غەززە ژمارەیەك هاووڵاتی شەهید بوون. لە بۆردومانی خانوویەكیش لە جبالیا لە باكووری كەرتەكە دوو كەس شەهید و ژمارەیەكی دیكە بریندار بوون.
لە زنجیرەی تۆماركردنی ئاماری قوربانییانی ڕۆژنامەنووسانیش، ئەمڕۆ لە حەی توفاح لە ڕۆژهەڵاتی شاری غەززە، ڕۆژنامەنووسێكی دیكە بەناوی (ئەحمەد سەعد) لەلایەن هێزەكانی سوپای زایۆنییەوە شەهید بوو.
لەنێو ئاماری شەهیدانی ئەمڕۆی كەرتی غەززە پێنج كەسی دیكە هەن لەوانەی لە نۆرەی وەرگرتنی هاوكارییە مرۆییەكانەوە بەئامانج گیراون.
هاوكات بەڕێوەبەری فریاگوزاری پزیشكیی لە غەززە ڕایگەیاندووە: 17 هەزار منداڵ لە كەرتی غەززە بەدەست بەدخۆراكییەوە دەناڵێنن و ژمارەكەیش بەردەوام لە هەڵكشاندایە و پیشبینییش دەكەن ئەگەر دەستێوەردانی جدیی نەكرێت ژمارەیەكی زۆریان لێ بمرێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە