4 کاتژمێر پێش ئێستا
92 جار خوێنراوەتەوە
ئەمریكا: سووریا پێویستى بە دەرفەتى نوێیە و ناشیەوێت شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل بکات
پەیام
تۆم باراك نێردەی تایبەتی ئەمریكا لە سووریا ڕایگەیاند: سووریا نایەوێت شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل بکات و لە ئێستادا پێویستى بە دەرفەتێکى نوێیە بۆ بنیادنانى وڵاتەکەى.
تۆم باراك لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی ئەلجەزیرە ئاماژەی بەوە كردووە، حكومەتەكەی ئەحمەد شەرع سەرۆكی سووریا نایەوێت شەڕ لەگەڵ قەوارەی زایۆنی بكات، داواشی كرد دەرفەتێكی نوێ بە ئیدارەی نوێی سووریا بدرێت.
پێشتر باراك لە پۆستێكدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس باسی لەوە كردبوو، لەدایكبوونی سووریای نوێ لەگەڵ ڕاستی، بەرپرسیارێتی و هەماهەنگیی لە ناوچەكە دەست پێ دەكات.
دووپاتیشی كردەوە، ڕووخانی ڕژێمەكەی بەشارد ئەسەد دەرگای بۆ ئاشتی كردەوە، هاوكات هەڵگرتنی سزاكانی سەر سووریاش یارمەتی گەلی سووریا دەدات لەو دەرگایەوە بەرەو ئاسایش و سەركەوتن هەنگاو بنێن.
تۆم باراك ڕاشیگەیاند، دیدگای دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بۆ سووریا هیوابەخشە و ئەوەش دەتوانرێت بەدەست بهێنرێت.
دوای دەیان ساڵ لە پچڕانی پەیوەندییەكان، ئیدارەی ئێستای ئەمریكا كرانەوەی لەگەڵ دیمەشقدا هەیە، بەتایبەت دوای كۆبوونەوەكەی ترەمپ و ئەحمەد شەرع لە سعودیە و هەڵگرتنی گەمارۆ ئابوورییەكانی سەر سووریا.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە