21 کاتژمێر پێش ئێستا
119 جار خوێنراوەتەوە
وەزارەتی ناوخۆ: ئێران هێرشى نەکردووەتە سەر هەولێر و بنكەی ئیسڕائیلیش لە هەرێم نییە
پەیام
وەزارەتی ناوخۆی هەرێم دەڵێت ئەو هەواڵەی كە دەڵێت ئێران بە درۆن هێرشی كردووەتە سەر بنكەیەكی ئیسڕائیلی ڕاست نییە و بنكەی لەو جۆرە لە هەرێم نییە.
وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم ڕایگەیاندووە: لە چەند میدیایەكی ئەلكترۆنیی فەڕمی لە ئێران، وا بڵاو كراوەتەوە كە گوایە شەوی ڕابردوو لە هەولێر بە درۆن هێرش كراوەتە سەر بنكەیەكی سەر بە ئیسرائیل، هەموو ئەو هەواڵانە چەواشەكارین و دوورن لە ڕاستی. نە بنكەی ئیسڕائیلی لە كوردستان هەن و نە ئۆپڕاسیۆنی واش ئەنجام دراوە.
وەزارەتی ناوخۆ ڕاشیگەیاندووە: شەوی ڕابردوو درۆنێك لە ناوچەیەكی چۆلەوانی لە نزیك هەولێر كەوتووەتە خوارەوە. ئەم هێرشانەش لە لایەن هەندێ گروپی سەر بە حەشدی شەعبی بە مەبەستی ئاژاوە نانەوە ئەنجام دەدرێن.
شەوی پێنجشەممەی هەفتەی ڕابردوو، درۆنێكی بۆمبڕێژكراو لە نزیك فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر خرایە خوارەوە. هەر هەمان شەویش، درۆنێكی دیكە لە كەركووك و لە نزیك گەڕەكی بەدر كە نزیكە لە فڕۆكەخانەكی سەربازی و بنكەیەكی حەشدی شەعبی لە شارەكە، كەوتە خوارەوە.
شەوی یەكی ئەم مانگەیش دوو درۆن لە ناوچەی تاسڵوجەی سلێمانی لە نزیك فەرماندەیی هێزەكانی 70 ی یەكێتی كەوتنە خوارەوە.
چەند ڕۆژێكە هێرشی مووشەكی و درۆنی لە ناوخۆی عێراق سەریهەڵداوە، زۆرینەی هێرشەكان هەرێم و ناوچە كوردستانییەكانی كردووەتە ئامانج. تا ئێستایش هیچ گرووپ و لایەنێك بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەكان ڕانەگەیاندووە و دەزگا ئەمنییەكانیش بێدەنگن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە