17 کاتژمێر پێش ئێستا
145 جار خوێنراوەتەوە
بەڕێوەبەری ناحیەی كۆكس: جووڵەی هێزی عێراقی بۆ كێڵگەی نەوتی قەمبەر ڕاست نییە
پەیام
لەبارەى جوڵەى هێزى عێراقەوە بەڕێوەبەری ناحیەی كۆكسیش كە كێڵگەی نەوتی قەمبەر دەكەوێتە سنوورەكەیە، ڕەتی دەكاتەوە و دەڵێت: ئەو هەوڵانە دوورن لە ڕاستییەوە.
شەوی ڕابردوو، بەشێك لە میدیاكانی سەر بە پارتی بڵاویان كردەوە، هێزێكی سوپای عێراق هەوڵ دەدەن بچنە سەر كێڵگەی نەوتی قەمبەر (ناسراو بە چاڵاو خالید) و لەلایەن هێزێكی پێشمەرگەوە ڕێگرییان لێ دەكرێت.
پەیام بۆ بەدواداچوونی پرسەكە پەیوەندیی بە ساڵح محەمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی كۆكس سەر بە ئیدارەی گەرمیانەوە كرد كە كێڵگە نەوتییەكە دەكەوێتە سنووری ناحیەكەی. ناوبراو بە پەیامی ڕاگەیاند: ئەو هەواڵ و دەنگۆیانەی لەبارەی جووڵەی هێزی سوپای عێراق بەرەو كێڵگەی نەوتی چاڵاو خالید (قەمبەر) بڵاو كراونەتەوە، دوورن لە ڕاستییەوە و هیچ بنەمایەكیان نییە.
بەڕێوەبەری ناحیەی كۆكس كە كاتژمێر 10ـی شەوی ڕابردوو قسەی بۆ پەیامنێری پەیام لە گەرمیان كرد، جەختی كردەوە "كەمێك لەمەوبەر قسەم لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە لە كێڵگە نەوتییەكە كردووە، ڕەوشەكە ئارامە و هیچ شتێك ڕووی نەداوە".
ئەو كێڵگە نەوتییە كە زۆر كۆنە و لە ئێستادا هیچ بەرهەمێكی نییە، هێزی پێشمەرگەی تێدا جێگیر كراوە، حكومەتی عێراق بە هی خۆی دەزانێت و مانگی 8ـی 2024یش هێزێكی حەشدی شەعبی چوونە سەر كێڵگەكە، بەڵام دوای چەند كاتژمێرێك چۆڵیان كرد.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە