6 کاتژمێر پێش ئێستا
233 جار خوێنراوەتەوە
سامانە سرووشتییەکانی هەرێم: هێرشە دڕۆنییەکان زیانێکی زۆریان بە کێڵگەکان گەیاندووە
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە ڕاگەیاندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە کە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەمە ١٦ی تەمموزی ٢٠٢٥ لە ڕێگای درۆنی بۆمبرێژکراوەوە ژمارەیەک ھێرشی تیرۆریستی کرایە سەر کێڵگەکانی نەوتی تاوکێ و پێشخابوور و عین سفنی لە ئیدارەی سەربەخوی زاخۆ و قەزای شێخان سەر بە پارێزگای دھۆک. ھەرچەندە ھێرشەکان زیانی گیانیی نەبووە، بەڵام زیانێکی زۆری بە ژێرخانی کێڵگەکان کەوتووە.
لە بەشێکی ڕاگەیاندراوەکەدا ھاتووە: "بە توندی ئەم ھێرشە تیرۆریستانە ئیدانە و شەرمەزار دەکەین کە مەبەست لێدانی ژێرخانی ئابووری ھەرێمی کوردستان و دروستکردنی مەترسییە لە سەر سەلامەتیی کارمەندانی مەدەنیی کەرتی وزە".
ئەوەش خراوەتەڕوو کە، وەزارەتمان بانگەوازی ھەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکوومەتی فیدراڵی و کومەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات کە بە زووترین کات بێنە سەر خەت بۆ پاراستنی گیانی کارمەندانی مەدەنی و ئەمنیەتی وزە و ڕێگریکردن لە ھێرشی دیکە بۆ سەر کەرتی وزەی ھەرێمی کوردستان.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ڕاشیگەیاندووە کە ھەموو ھەوڵێکی خۆی بۆ پاراستنی گیانی کارمەندانی کەرتی وزە و پێگەی ستراتیجیی خۆی لە دابینکردنی سەقامگیریی وزە لە ناوچەکە و جیھان دەدات.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ چوارشەممە، چوار دڕۆنی بۆمبڕێژکراو ئاراستەی کێڵگەی نەوتی DNO لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و کێڵگەی نەوتی هاند ئۆیل لە سنووری پارێزگای دهۆک کراوە و بەهۆیەوە زیانی ماددی بەر کێڵگەکان کەوتووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە