22 کاتژمێر پێش ئێستا
132 جار خوێنراوەتەوە
پزیشكیان: تاران لە قەیرانێكی سەختی بێ ئاویدایە و ڕەنگە چۆڵ بكرێت
پەیام
قەیرانی نەبوونی ئاو و وشكەساڵی ئێرانیشی گرتوەتەوە و لە كۆی 31 پارێزگای ئەو وڵاتە 20 پارێزگا لەو قەیرانەدان و، هەروەها هەندێك سەرچاوەی ئاو خەریكە وشك دەبن.
مەسعود پزیشكیان، سەرۆك كۆماری ئێران هۆشداریی لە خراپتربوونی قەیرانی ئاوی تاران دەدا و دەڵێت: قەیرانی ئاو ڕەنگە 15 ملیۆن دانیشتووی تاران ناچار بە جێهێشتنی شارەكە بكات، هاوكات راشیدەگەیەنێت بەكارهێنانی ئاو زۆر لەو بڕە زیاترە كە بەردەستە.
پزیشكیان، رایگەیاندووە: دۆخەكە مەترسیدارە، تاران ئاوی نییە، ئاماژەی بەوەش كردووە، گواستنەوەی پایتەخت بۆ شوێنێكی دیكە، بژاردەیەكی پیشنیاز كراوە وەك چارەسەرێكی بەپەلە.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێران ئیرنا بڵاویكردەوە، یەكێك لە گەورەترین كۆگاكانی ئاوی ئەو وڵاتە لە ماوەی چوار هەفتەی داهاتوودا بە تەواوی وشك دەبێت، هاوكات محەممەد سادق موعتەمیدیان، پارێزگاری تاران بە ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ڕاگەیاند، بەكارهێنانی ئاوی خواردنەوە و پاك لە تاران، پێنج هێندە زیاترە لە دابینكردن.
موعتەمیدیان وتیشی، ئەو چوار بەنداوە سەرەكییەی ئاوی خواردنەوە بۆ تاران دابین دەكەن، ئاستی ئاوەكەیان لە 87% دابەزیووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە